یەکەم باڵیۆزی ئیمارات بۆ ئیسرائیل دەستبەکاردەبێت

سەرۆکی ئیسرائیل بە فەرمی پـێشوازی کرد لە یەکەم باڵیۆزی ئیمارات بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش پاش ئەو ڕێکەوتنە مێژوویـیەی لە ساڵی ڕابردوو لە نێوانیان هەردوو وڵات واژوکرا.

غوێڤێن غفلین ئەمڕۆ دووشەممە لە مەراسیمێکدا لە ئۆرشەلیم نامەی فەرمی وڵاتی ئیماراتی لە محەمەد ئال خۆجە وەرگرت هەتا وەک باڵیۆزی ئیمارات دەستبەکاربێت.

ئیمارات سێـیەم وڵاتی عەرەبیـیە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام بدات، لە پاش میسڕ لە 1979 و ئوردن لە 1994 . لە دوای ئیمارات هەریەک لە بەحرەین و مەغریب و سودانیش پەیوەندیـیان لەگەڵ ئیسرائیلدا دەستپـێکرد.

سەرۆکی ئیسرائیل کە بە عەرەبی بە (رؤوفين ريفلين) ناوی دەبەن، لە سەرەتای وتارەکەی بۆ پـێشوازیکردن لە باڵیۆزەکەی ئیمارات بە زمانی عەرەبی پـێشوازی لێکرد و گوتی" أهلا وسهلا، سيادة السفير مرحبا بكم في أورشليم، في القدس"، واتە بەخێربێیت بەڕێزی باڵیۆز بۆ ئۆرشەلیم، بۆ قودس. گوتیشی گەلی ئیسرائیل خۆشحاڵە بە هاتنتان و پـێشوازیتان لێدەکات.

سەرۆکی ئیسرائیل جەختی لەوەشکرد پەیماننامەکان لەلایەن ڕێبەرانی وڵاتانەوە واژودەکرێن، بەڵام ئاشتی ڕاستەقینە لەلایەن گەلانەوە دێتەدی.

باڵیۆزی ئیماراتیش لای خۆیەوە گوتی" جێی فەخر و شانازیمە کە ببمە یەکەم باڵیۆزی ئیمارات بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل." گوتیشی ئەرکی ئەو بەهێزکردن و پەرەپـێدانی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.