دادگایەکی ئیمارات سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر کەسێکی تورک پەسەند دەکات

دادگای باڵای فیدراڵی ئیمارات بۆ ئاسایشی دەوڵەت سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر کەسێکی تورک پەسەندکرد کە تاوانبارە بە پـرۆپاگەندە و کۆکردنەوەی پارە بۆ دوو گروپی تێرۆرستی ناو سوریا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئیمارات لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی دادگای باڵا ئەو سزایەی پەسەندکرد کە دادگای پـیاداچوونەوەی ئەبو زەبی بۆ (م.ع.أ) ی تورک تەمەن 49 ساڵ بڕیاری دابوو.

ئاژانسەکە دەڵێت بەپـێی کەیسەکە، ناوبراو فەیسبوکێکی بە ناوی تورکی کردبووەوە و لە ڕێگەیەوە پـرۆپاگەندەی بۆ بەرەی نوسرە و ئەحراری شام کردبوو و پارەی بۆ کۆکردبوونەوە و پاشان لە ڕێگەی چەند دەزگایەکی دارایی کە لە ئیمارات کاردەکەن پارەکانی بۆ ناردبوون.

ئەم بڕیارەی دادگای ئیمارات پاش کەمتر لە دوو هەفتە دێت لەوەی تورکیا ڕایگەیاند دوو کەسی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیمارات. ڕۆژی دووشەممە داواکاری گشتی ئستەنبوڵ گوتی یەک لە تۆمەتبارەکان لە زینداندا خۆی کوشت.

هەروەها دادگاکە لە هەمان دانیشتنیدا، سزای زیندانی 10 ساڵی بۆ کەسێکی هاوڵاتی وڵاتێکی عەرەبی پەسەندکرد کە لە ناو ئیماراتدا حسابێکی لەسەر فەیسبوک و تویتەر و تیلگرام و واتساب کردبووە بە ناوی ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی بە ئامانجی پـرۆپاگەندە بۆ داعش.