پلانەکەی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا بۆ هەر کەسێک 169هەزار پاوەندی تێدەچێت

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک و سەرۆکی ڕواندا پۆڵ کاکامی، لەندەن، 4 ی 5 ی 2023

بەپێی یەکەمین هەڵسەنگاندنی ئابووری حکومەتی بەڕیتانیا، پلانەکەی بەڕیتانیا بۆ ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا بۆ هەر پەنابەرێک 169,000 پاوەندی تێدەچێت.

حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک دەیەوێت هەزاران کۆچبەری ناو وڵاتەکە ڕەوانەی ڕواندا بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ڕواندای ناوەڕاستی ئەفریقادا واژۆی کرد.

حکومەتی بەڕیتانیا پێی وایە پلانەکە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە لە فەڕەنساوە بە بەلەمی بچووک دەگەنە بەڕیتانیا. سوناک ئەمەی بە ئەرکێکی سەرەکی خۆی داناوە، ئەوەش لە نێوەندی فشارەکانی هەندێک لە یاسادانەرانی پارتی پارێزگاران و خەڵکەکەدا تاوەکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

لە هەڵسەنگاندنێکی ئابووریدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، حکومەتی بەڕیتانیا وتی بۆ هەر کەسێک کە ڕەوانەی ڕواندا دەکرێت حکومەتی بەڕیتانیا 105,000 پاوەند دەدات بە ڕواندا و 22,000 پاوەند بۆ گەشتەکە و هاوەڵیکردنییان تەرخان دەکات و 18,000 پاوەند بۆ خەرجی ڕێکارە یاساییەکان تەرخان دەکات.

وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان وتی ئەم خەرجییانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن لەگەڵ کاریگەریی پلانەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەوانی دیکەدا بۆ بەڕیتانیا و زیادبوونی خەرجی نیشتەجێکردنی پەنابەران.

برەیڤەرمان وتی ئەگەر کارێک نەکرێت ئەوا خەرجی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ساڵێکدا بۆ 11 ملیار پاوەند بەرز دەبێتەوە، لە ئێستادا 3.6 ملیار پاوەندە.

وتی " هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکەی لەسەر ئابووری وڵاتەکە بە ئاشکرا دەریدەخات کە نابێت هیچ نەکەین."

پارتی کاری بەڕیتانیا وتی هەڵسەنگاندنەکە " بە تەواوەتی بێ مانایە " و شکستی هێناوە لەوەی بە دیاریکراوی ئاماژە بەوە بدات خەرجی گشتی پلانەکە چەند دەبێت.

پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندی حکومەتی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی خەرجکردنی " پارەیەکی زۆر " بۆ ڕەوانەکردنی خەڵکانێکی بێدەسەڵات لە کاتێکدا کە شکستی هێناوە لە یارمەتیدانی خەڵکی بەڕیتانیادا لە نێوەندی زیادبوونی نرخەکانی خۆراک و خانووبەرەدا.

ڕۆژی پێنجشەممە دادگای پێداچوونەوەی بەڕیتانیا فەرمانی خۆی دەردەکات سەبارەت بەوەی ئایا ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا یاساییە یاخود نا.

یەکەمین گەشتی ڕەوانەکردنی پەنابەران بۆ ڕواندا دەبووایە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا بووایە، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا گەشتەکەی قەدەغەکرد.

لە مانگی دوانزەدا دادگای باڵای بەڕیتانیا لە لەندەن بڕیاریدا پلانەکە یاساییە، بەڵام بڕیارەکەی لەلایەن پەنابەرانی سوری و سودانی و عێراقی و ڤیێتنامی و هەندێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە.

ساڵی ڕابردوو 45,000 کەس لە ڕێی کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک لە فەڕەنساوە گەیشتنە بەڕیتانیا، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە. لەم ساڵدا تەنها 11,000 کەس گەیشتوونەتە بەڕیتانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز