بەریتانیا دەڵێت قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسڕائیل دەبێتە هۆی بەهێزبوونی حەماس

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن دەڵێت ڕاگرتنی فرۆشتنی چەکی بەڕیتانیایی بە ئیسڕائیل ئەگەر ئەو وڵاتە هێرشی زەمینی بکاتە سەر ڕەفەح دەبێتە هۆی بەهێزبوونی حەماس.

ڕۆژی شەممە ئیسڕائیل فەرمانی بە فەلەستینییەکان کرد ناوچەی زیاتری شاری ڕفەح چۆڵ بکەن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر ئەوەی کە دەست دەکات بە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشە زەمینییەکەی بۆ سەر ئەو شارە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند ئەگەر ئیسڕائیل ئەو کارە بکات ئەوا هەناردەکردنی هەندێک لە چەکەکان بۆ ئیسڕائیل ڕادەگرێت.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن وتی پشتگیری لە ئۆپەراسیۆن لە ڕەفەح ناکات بەبێ بوونی پلانێک بۆ پاراستنی سەدان هەزاران هاووڵاتی سڤیل کە شاری ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە.

وتی بەڵام بەڕیتانیا " هەڵوێستێکی تەواو جیاوازیی " هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە دابینکردنی چەک بۆ ئیسڕائیل، ئاماژەی بەوەدا کەمتر لە سەدا 1 ی ئەو چەکانەی ئیسڕائیل کە لەلایەن بەڕیتانیاوە وەریدەگرێت پێشتر لە ڕێی سیستمێکی توندی مۆڵەتدانەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

کامیرۆن بە لاورا کوینسبێرگی بی بی سی وت " ئەگەر بمانویستایە دەمانتوانی جۆرە پەیامێکی سیاسیی بنێرین و بڵێین ئێمە ئەو هەنگاوە سیاسییە دەگرینەبەر."

وتیشی " دوایین جار ناچار بووم ئەوە بکەم دوای چەند ڕۆژێکی کەم ئێران هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر ئیسڕائیل، بە 140 موشەکی کروزەوە."

کامیرۆن وتی " وەڵامە باشترەکە " بۆ حەماس ئەوەیە کە بە ڕێککەوتنی بارمتەکان ڕازی ببێت.

وتی " ئەگەر ئەمڕۆ هەروا بە ئاسانی ڕایبگەیەنین کە هەڵوێستمان لەسەر هەناردەکردنی چەک دەگۆڕین لە جیاتی ئەوەی بە وریاییەوە بە پڕۆسەیەکدا بڕۆین، ئەوا ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی حەماس، وادەکات کە ڕێککەوتنی بارمتەکان ڕوونەدات، پێم وانیە ئەوە هەڵوێستێکی ڕاست بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز