پارتی کاری بەڕیتانیا بەڵێن دەدات ڕێگە لە جیابوونەوەی وڵاتەکە بگرێت لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن

ڕابەری پارتی کاری بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین

پارتی کاری بەڕیتانیا ڕایگەیاند هەفتەی داهاتووداوای گفتوگۆیەکی بەپەلە دەکات لە پەرلەمانی بەڕیتانیا لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگەگرتن لە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و نەهێڵێت وڵاتەکە بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیابکاتەوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بەنیازە بۆ ماوەی مانگێک کاری پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕابگرێت تاوەکو بەڕیتانیا بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە و پەرلەمانی بەڕیتانیا نەتوانێت ڕێگری لێبکات. ئەم هەنگاوەی جۆنسنیش بووە هۆی توڕەبوونی ئەو پارتانەی کە دژایەتی جیابوونەوەی بەڕیتانیا دەکەن بەبێ ڕێکەوتن.

ڕابەری پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین وتی ڕۆژی سێشەممە پشووی هاوینە تەواو دەبێت و پەرلەمان دەست بەکارەکانی دەکاتەوە و پارتەکەی دەست دەکات بە پڕۆسەیەکی یاسایی دژی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن، هەروەها وتی جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن زیان دەگەیەنێت بە کار و ئابووری وڵاتەکە.

کۆربین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوەی دەیکەین ئەوەیە هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی سیاسی لەڕێی پڕۆسەیەکی پەرلەمانیەوە ڕێگە لە جۆنسن بگرین نەهێڵین بەڕیتانیا بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە و هەوڵ دەدەین نەهێڵین لەم ساتە هەستیارەدا پەرلەمان دابخات."

وتیشی " وڵاتەکە ڕووبەڕووی مەترسی ڕووخان دەبێتەوە لە 31 ی مانگی 10 دا ئەگەر بەبێ ڕێکەوتن جیاببینەوە. دەبێت ئەوە ڕابگرین، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەوە دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز