هەنت: بڕیاری ئەڵمانیا بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیە زیان بە پیشەسازی بەرگری بەڕیتانیا دەگەیەنێت

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت

گۆڤاری دێر شبیگڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا بەڕیتانیا داوای لە ئەڵمانیا کردووە پڕۆژە گەورە بەرگرییەکانی جیابکاتەوە لە هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیە، ئەگەر نا زیان بە باوەڕپێکراوی بازرگانی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت.

جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا وتی هەناردەکردنی چەک بۆ سعودیە ڕادەگرێت بەهۆی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچییەوە. بەڵام ئەڵمانیا بە فەڕمی ئەو ڕێکەوتنانەی هەڵنەوەشاندۆتەوە کە پێشتر واژۆی کردوون، بەڵام داوای کرد لە ئێستادا ئەو چەکانە ڕادەستی سعودیە نەکرێن.

ئەڵمانیا لە سەدا کەمتر لە دووی هەناردەی چەک بۆ سعودیە پێک دەهێنێت، کە ئەوەش ڕێژەیەکی کەمە لەچاو ئەمەریکا و بەڕیتانیادا.

جێی ئاماژەیە هەندێک فڕۆکەی جەنگی و چەک هەن لە ئەوروپادا کە ئەڵمانیا بەشداربووە لە دروستکردنیان و هەر کاتێک ئەو چەکانە بفرۆشرێن دەبێت ئەڵمانیاش ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت، بەڵام ئێستا کە ئەڵمانیا بڕیاریداوە فرۆشتنی چەک بە سعودیە ڕابگرێت، ئەوا لەوانەیە ببێتەهۆی زیانگەیاندن بە پیشەسازی بەرگری بەڕیتانیا.

دێر شبیگڵ وتی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت لە نامەیەکدا بۆ هاوتا ئەڵمانییەکەی هایکۆ ماس دەڵێت " زۆر نیگەرانم سەبارە بە بڕیاری حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە هەردوو کەرتی پیشەسازی بەرگری بەڕیتانیا و ئەوروپا و دەرەنجامەکانی لەسەر توانای ئەوروپا بۆ پابەندبوون بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

هەنت وتی کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییەکانی بەڕیتانیا ناتوانن پابەند بن بە کۆمەڵێک گرێبەستەوە لەگەڵ سعودیەدا لەوانەش فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی یۆرۆ فایتەر یاخوود فڕۆکەی تۆرنایدۆ بە سعودیە بەهۆی ئەوەوە کە ئەڵمانیا بەشدارە لە دروستکردنی هەندێک لە پارچەکانی ئەو دوو فڕۆکەیەدا.

هەنت وتی " زۆر گرنگە بەخێرایی ئەو بڕیارەی ئەڵمانیا بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ سعودیە پڕۆژە بەرگرییە گەورەکانی وەکو یۆرۆ فایتەر و تۆرنایدۆ نەگرێتەوە."

وتیشی ئەگەر هیچ نەکەن لەو بارەیەوە ئەوا لەوانەیە ببێتەهۆی ئەوەی هاوبەشی و متمانەیی نێوان ئەڵمانیا و بەڕیتانیا بکەوێتە مەترسییەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز