بەڕیتانیا خەرجی بەرگری وڵاتەکە زیاتر دەکات

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی

بەڕیتانیا وردەکارییەکانی پلانەکانی بۆ زیادکردنی خەرجی سەربازی و بەرگری وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو " ئاستەنگییە سەردەمییەی " کە چین دروستی کردووە، هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیاش لە کاتێکدا کە لەندەن سیاسەتی دەرەوە و بەرگری خۆی نوێکردەوە.

حکومەتی بەڕیتانیا وتی " لە نوێکردنەوەی " پێداچوونەوەی یەکگرتوودا، وڵاتەکە " ئاگاداری ئەو هەڕەشانەیە کە ڕووسیا لەسەر ئاسایشی ئەوروپا دروستی کردووە."

ڕاپۆرتە 63 پەڕەییەکەی حکومەتی بەڕیتانیا باس لە چینیش دەکات و دەڵێت چین " ئاستەنگییەکی سیستماتیکییە کە ئاڵۆزی بۆ سەرجەم بوارەکانی سیاسەتی حکومەت دروست کردووە."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی لە ماوەی ئاشکراکردنی پێداچوونەوە نوێیەکەدا بۆ پەرلەمان وتی " ناتوانین کوێر بین لە ئاست زیادبوونی ڕەفتارە دوژمنکارە سەربازیی و ئابوورییەکانی پارتی کۆمیونیستی چیندا."

وتیشی پەکین " گرژی دەخاتەوە " لەگەڵ تایواندا، چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، تایوانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. کلێڤەرلی وتیشی چین لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات " لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە " بەسەر وڵاتانی دیکەدا زاڵ ببێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشەکان، خەرجی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە زیاد دەکرێت، لە ئێستا و لە داهاتووشدا.

بەپێی پلانەکە، حکومەتی بەڕیتانیا بە نیازە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا 6 ملیار دۆلاری دیکە بۆ خەرجی بەرگری زیاد بکات.

سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ پێشوازی لە پلانەکەی بەڕیتانیا کرد، ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکدا باسی لێوە کردووە.

ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەوە دووبارە جەخت لە پابەندبوونی بەڕیتانیا دەکاتەوە بۆ ئاسایش و بەرگری و ڕۆڵە گرنگەکەی لە ناتۆدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس