سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی شەممە سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کرد و بەڵێنیدا سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر بکاتەوە و بەڵێنی بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا چەکی بەرگری زیاتری بداتێ.
جۆنسن لە ناکاو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەرکەوت و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا کۆبۆوە، دوو ڕابەرەکە باسیان لەو پەیوەندییە نزیکەکە کرد کە لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دروستییان کردووە.
دوو ڕابەرەکە دەست خۆشییان لەیەکتر کرد لەسەر هاریکارییەکانیان دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، کە ڕووسیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە.
زێلێنسکی وتی " دەبێت فشاری زیاتر و زیاتر بخەنە سەر فیدراسیۆنی ڕووسیا، کاری زیاتر بکەن بۆ یارمەتیدانی گەلی ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی فیدراسیۆنی ڕووسیا، هەروەها دەبێت سزاکان زیاتر بکەن."
وتیشی " وڵاتە دیموکراتخوازەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەبێت بەڕیتانیا وەکو نموونەیەک سەیر بکەن. ئێستا کاتی ئەوەیە بەتەواوەتی هاوردەکردنی وزەی ڕووسی قەدەغە بکەن، چەکی زیاتریشمان بدەنێ."
لە وەڵامدا جۆنسن وتی " پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا فشارە ئابوورییەکان زیاد دەکەین و هەفتە بە هەفتە بەردەوام دەبین لە توندکردنەوەی سزاکانی سەر ڕوسیا."
وتیشی یەکێک لەو ڕێوشوێنانەی کە لە داهاتوودا دەگیرێنەبەر دوورکەوتنەوە دەبێت لە بەکارهێنانی هایدرۆکاربۆنەکانی ڕووسیا.
جۆنسن وتیشی دۆزینەوەی لاشەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەکانی ئۆکرانیا " بەشێوەیەکی هەمیشەیی ناوبانگی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی شێواند."
وتیشی " ئەوەی پوتن لە شوێنەکانی وەکو بوچا و ئیرپین ئەنجامیداوە تاوانی جەنگن و بەشێوەیەکی هەمیشەیی ناوبانگی خۆی و حکومەتەکەی شێواند."
وتیشی " ڕووسییەکان باوەڕییان وابوو دەتوانن لە چەند ڕۆژێکدا ئۆکرانیا بگرن و کیێڤ لە چەند کاتژمێرێکدا دەچێتە ژێر دەستی سوپاکانیانەوە." وتیشی " گەلی ئۆکرانیا ئازایەتی شێرییان پیشانداوە، جیهان پاڵەوانی نوێی دۆزییەوە و ئەو پاڵەوانانەش خەڵکی ئۆکرانیان."
لە ماوەی ڕابردوودا بەڕیتانیا ڕایگەیاند وڵاتەکە 120 ئوتومبێلی زریپۆش و سیستمی دژە کەشتی دەداتە ئۆکرانیا.
یاریدەدەرانی جۆنسن وتیان دوو ڕابەرەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ڕۆژانە قسەیان کردووە.
وتەبێژی ئۆفیسی جۆنسن وتی ئامانج لە کۆبوونەوەکەی " جۆنسن و زێلێنسکی دەرخستنی هاوسۆزی بووە بۆ گەلی ئۆکرانیا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا