وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا سەردانی پۆڵەندا دەکات و داوای سزای توندتر دەکات بۆ سەر ڕووسیا

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس

ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی ڕۆژی دووشەممە تڕەس سەردانی پۆڵەندا دەکات و داوای سەپاندنی سزای توندتر دەکات بەسەر ڕووسیادا، لەکاتێکدا وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا پێکەوە کاردەکەن بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و کۆتایی هێنان بە ململانێکانی ناو ئۆکرانیا.

تڕەس وتی " سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەبێت پیشانی بدات کە جددییە سەبارەت بە دیبلۆماسی. وەڵامێکی توند لەلایەن بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانمانەوە پێویست و گرنگە بۆ بەهێزکردنی دەستەکەی ئۆکرانیا لە گفتوگۆکاندا."

وتیشی " بەڕیتانیا یارمەتیدەر بووە لە ڕابەرایەتیکردنی سەپاندنی سزاکان بۆ پەکخستنی ئامێری جەنگەکەی ڕووسیا. کاری زیاتر دەکەین بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر ڕووسیا و بەردەوام دەبین لە ڕازیکردنی وڵاتانی دیکە تاوەکو هەمان کار ئەنجام بدەن."

دواتر لەمڕۆدا بڕیارە تڕەس لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبادا کۆببێتەوە و بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی زبیگنیو ڕاودا کۆببێتەوە.

بەڕیتانیای ئەندامی پێشووی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیدا هەماهەنگی کردووە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر پیشەسازییە هەستیارەکانی ڕووسیا و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتەدا، ئەوەش لەپێناو پەکخستنی ئابووری ڕووسیا وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیادا.

ئۆفیسەکەی تڕەس وتی دواتر لەم هەفتەیەدا تڕەس بەرەو بڕۆکسل بەڕێدەکەوێت و ئامادەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی حەوت و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز