ئۆکرانیا داوای دابڕاندنی ڕووسیا و پشتیوانی سەربازی زیاتر دەکات بۆ ئۆکرانیا

ئۆکرانیا داوای لە ڕۆژئاوا کرد ڕوونی بکەنەوە بۆ ڕووسیا کە هەوڵەکانی بۆ " لکاندنی هەرێمەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە و ڕەشبگیری و دوایین وادەکانی " تەنها پشتیوانی زیاتر دەهێنێت بۆ ئۆکرانیا.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئۆکرانیا داوا لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و کۆمەڵەی حەوت دەکات دەستبەجێ بە شێوەیەکی بەرچاو فشارەکانی سەر ڕووسیا زیاد بکەن، لەوانەش سەپاندنی سزای توندتر، هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکەن، ئەوەش لەڕێی پێدانی تانک و فڕۆکەی شەڕکەر و ئوتومبێلی زریپۆش و تۆپهاوێژی مەودا درێژ و موشەکی دژە فڕۆکە و کەلوپەلی بەرگری موشەکییەوە."

داواکردنەکە ڕۆژێک دوای ئەوە هات سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت ڕووسیا دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دابڕێندرێت بەهۆی ئەو ڕیفراندۆمە ساختانەوە کە لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات.

زێلێنسکی لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوت " تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ ڕاگرتنی هەموو ئەمانە، یەکەم، دابڕاندنی تەواوەتی ڕووسیا بەهۆی هەموو ئەو شتانەوە کە ئەنجامی دەدات."

گوتیشی دەبێت سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێندرێت، دەبێت مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێبسەندرێتەوە و لە سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەربکرێت.

زێلێنسکی گوتی " لکاندنی ناوچە گیراوەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە پێشێلکردنی دڕندانەی ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەمە هەوڵێکە بۆ دزینی خاکی وڵاتێکی دیکە. ئەمە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی نۆرمەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان."

گوتیشی ئەگەر مۆسکۆ ئەم ناوچانە بگرێتە خۆی، ئەوا " مانای ئەوەیە کە هیچ شتێک نابێت قسەی لەسەر بکرێت لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیادا."

وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا و ئەمەریکا سەرکۆنەی ڕیفراندۆمەکانیان کردووە و دەڵێن نایاسایین.

بەرپرسی کاروباری سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆسماری دیکارلۆ بە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی گوت ڕیفراندۆمەکان " دەربڕینی ڕاستەقینەی خواستی خەڵکەکە نیە."

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی ڕووسی ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە پێنج یەکی دەنگەکان لە پێنج ڕۆژی دەنگدانەکەدا لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و زاپۆریژا و خێرسۆن لە بەرژەوەندی لکاندنی ئەو هەرێمانە بە ڕووسیاوە بوون، زیاتر لە سەدا 97 ی دەنگدەران لە چوار هەرێمەکەدا لە بەرژەوەندی لکاندنی ئەو هەرێمانە بە ڕووسیاوە دەنگیانداوە. ئەو هەرێمانە پێکەوە لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیا پێکدەهێنن.

باڵیۆزی ڕووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوت " ئێستا کیێڤ نەک تەنها لەلایەن خەڵکەکەی کرایمییە و دۆنباسەوە ڕەت کراوەتەوە، بەڵکو لە هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژاش ڕەت کراوەتەوە. ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت ئەگەر کیێڤ دان بە هەڵەکەی خۆی و هەڵە ستراتیژییەکەیدا نەنێت و دەست نەکات بە جوڵەکردن بەپێی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی خۆی."