دادگایەکی دۆنێتسک بەڕیتانی و سویدی و کڕواتییەکان بە تۆمەتی بەکرێگیراو تۆمەتبار دەکات

بەپێی دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا، دادگایەکی جیاخوازەکانی هەرێمی دۆنێستکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات پێنج هاوڵاتی بیانی بە تۆمەتی بەکرێگیراو تۆمەتبار کردووە کە سەرجەمییان لە شەڕکردنیان لە پاڵ هێزەکانی ئۆکرانیادا دەستگیرکراون. گوتیشی سێ کەسیان ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای مەرگ ببنەوە.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی گوتی جۆن هارینگی بەڕیتانی و ڤیکۆسلاڤ پریبێرگی کڕواتی و ماتیاس گوستافسنی سویدی لە دەوروبەر و ناوەوەی شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیا دەستگیرکراون، ڕووبەڕووی ئەگەری سزای مەرگ بوونەتەوە، ئەوەش بەپێی یاساکانی " کۆماری گەلی دۆنێتسک ".

تاس گوتیشی دوو هاوڵاتی دیکەشی بەڕیتانی، دیلان هیلی و ئاندرو هیڵ، تۆمەتبار کراون بەڵام ڕووبەڕووی سزای مەرگ نابنەوە. پێنج دەستگیرکراوەکە دانیان بەو تۆمەتانەدا نەناوە کە ڕووبەڕوویان کراونەتەوە.

دەزگاکە لە زاری دادوەری دادگاکەوە بڵاویکردەوە دادگاییکردنەکان لە سەرەتای مانگی 10 دا دەستپێدەکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کڕواتیا وەکو وەڵامێک بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی پریبێرگ کراون گوتی " کڕواتیا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و پێی وانیە بڕیارەکانی ئەو دادگایە بنچینەیان هەبێت یاخود یاسایی بن، چونکە ئەوە لەگەڵ یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوە مەدەنییەکان و دیلەکانی جەنگدا ناگونجێت."

ئۆفیسی کاروباری دەرەوەی بەڕیتانیا لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەداوە.

لە مانگی شەشدا بەرپرسانی دۆنێتسک سزای مەرگییان بەسەر دوو هاوڵاتی بەڕیتانی و هاوڵاتییەکی مەغریبیدا سەپاند کە لەمیانەی شەڕکردنیاندا لە پاڵ هێزەکانی ئۆکرانیادا دەستگیرکرابوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز