وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ دەڵێت ئۆکرانیا ئەو چەکە مەودا درێژانە بەکارناهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ڕووسیا کە ئەمەریکا بەڵێنیداوە بیاندات بە ئۆکرانیا و تەنها ئەو هێزانەی ڕووسیا دەکاتە ئامانج کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادان.
ڕۆژی هەینی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە موشەکێکی نوێ دەدات بە ئۆکرانیا کە مەوداکەی درێژترە و تواناکانی ئۆکرانیا دوو هێندە دەکات، وتیشی موشەکە نوێیەکە لە چوارچێوەی ئەو 2.175 ملیار دۆلارەدا دەبێت کە ئەمەریکا تەرخانی کردووە بۆ یارمەتیدانی کیێڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیادا.
ڕێزنیکۆڤ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە هەمیشە بە فەڕمی بە هاوبەشەکانمان دەڵێین کە ئێمە ئەو چەکانەی کە لەلایەن هاوبەشە بیانییەکانمانەوە پێمان دەدرێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ڕووسیا بەکارییان ناهێنین. تەنها بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هێزانەی ڕووسیا بەکارییان دەهێنین کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز