سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی " موشەکێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی " نوێی دروستکراوی ئۆکرانیایی ڕاگەیاند و وتی چەکەکە جەنگەکە دەباتەوە بۆ ڕووسیا و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی بە " پیاوێکی پیری نەخۆشی گۆڕەپانی سوور " ناوبرد.
لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا یادی 33 ساڵەی سەربەخۆیی کردەوە لە دوای یەکێتی سۆڤیەتەوە، زێلێنسکی وتی چەکە نوێیەکە، پالیانیتسیا، خێراتر و بەهێزترە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکەی دروستکراوی ناوخۆ کە تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا بەکاریهێناون لە بە ئامانجکردنی پاڵاوگەکانی نەوت و بنکە ئاسمانییە سەربازییەکاندا.
زێلێنسکی وتی " دوژمنەکەمان بۆی دەردەکەوێت شێوازی ئۆکرانیا بۆ تۆڵەکردنەوە چۆنە. شایستە و مەودا دوورە."
زێلێنسکی وتی چەکە نوێیەکەی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی سەرکەوتوو بەکارهێندراوە دژی ئامانجێک لە ناو ڕووسیادا، بەڵام نەیوت کوێ.
سەبارەت بە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی تەمەن 71 ساڵیش وتی " پیاوە پیرە نەخۆشەکە لە گۆڕەپانی سوور کە بەردەوام هەڕەشە لە هەمووان دەکات بە دووگمە سوورەکە هێڵە سوورەکانی بۆ ئیمە سوودی نیە."
ڕووسیا کە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا داگیرکارییەکەی دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد، دەڵێت هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا کردەوەی تیرۆریستین. هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەن و لە سەدا 18 ی وڵاتەکەیان داگیرکردووە.
زێلێنسکی داوای لە هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا کردووە ڕێگەی بدەن چەکە ڕۆژئاواییەکان بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا، بۆ نموونە، لەو بنکە ئاسمانییانە بدات کە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بەکارییان دەهێنن و بە موشەک و بۆمب بۆردومانی ئۆکرانیا دەکەن.
زێلێنسکی وتی " دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە بڕیارەکانمان لەسەر چەکە نوێیەکەمان، بە پالیانیتسیاشەوە، ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆمانە بۆ کارکردن لە کاتێکدا کە هەندێک لە هاوبەشەکانمان بە داخەوە بڕیارەکانییان دواخستووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز