بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیاوە پێنج بینا لە کیێڤی پایتەخت زیانییان بەرکەوتووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا بەرپەرچی کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی داوەتەوە.
ئەم هێرشانەش تیشک دەخەنە سەر ئەوەی گەورەترین شاری ئۆکرانیا هێشتا چەند لاوازە لەبەردەم هێرشەکانی ڕووسیادا کە بوونەتە هۆی لە ناوبردنی ژێرخانەکان و ناوەندەکانی دیکەی دانیشتوانی وڵاتەکە، بە زۆری لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیادا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " تیرۆریستان " 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانییان هەڵداوە، هەموویان بەرپەرچ دراونەتەوە. لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەشێک بوون لە هێزی شەڕی ڕووسیا لەگەڵ هاوەن و تۆپهاوێژ و هێرشە موشەکییەکاندا لە سەرانسەری ئۆکرانیا.
بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی شاری کیێڤ سێرهی پۆپکۆ وتی هێرشەکان بە دوو شەپۆل هاتوون، پارچەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بەرپەرچ دراونەتەوە زیانییان بە بینایەکی بەڕێوبەرایەتییەکە گەیاندووە، هاوکات چوار بینای دیکەی نیشتەجێبوون زیانییان بەرکەوتووە.
سەرچاوە/ AP