ڕووسیا لە باشووری مۆسکۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا دەخاتە خوارەوە

هەرێمی تولا، ڕووسیا

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت بەرگری ئاسمانی ڕووسیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە شارۆچکەیەکی ڕووسیا ڕاگرتووە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و بینایەکی نیشتەجێبوونیش زیانی بەرکەوتووە.

کیێڤ تاوەکو ئێستا لێدوانی نەداوە، بەڵام پێشتر بانگەشەکانی ڕووسیای ڕەت کردۆتەوە سەبارەت بەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چوونەتە ناو خاکی ڕووسیاوە و زیانییان بە ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشەکەی سەر شارۆچکەی کیریڤسک لە هەرێمی تولا کە دەکەوێتە 220 کم لە باشووری مۆسکۆوە، لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی Tu-141 ی ئۆکرانییەوە ئەنجام دراوە.

وتیشی " یەکەی Polye-21ی ئەلیکترۆنی دژی فڕۆکە ئۆکرانییەکە وەستاوەتەوە و لە ئەنجامدا سیستەمی گەشتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە کارخراوە."

وتیشی " فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کۆنتڕۆڵی ئاڕاستەکردنەکەی لە دەستداوە و لە نزیک شارۆچکەی کیریڤسکی هەرێمی تولا کەوتۆتە خوارەوە."

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا لە زاری بەرپرسانی ناوخۆی شارۆچکەکەوە بڵاویکردەوە 3 کەس بەهۆی ڕووداوەکەوە بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سەخت نەبوون. وتیشی 5 خانووی تایبەت و بینایەکی نیشتەجێبوون زیانییان بەرکەوتووە.

ڕووسیا پێشتر باسی لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کردووە لە چەندین شار و شارۆچکەی ڕووسیا، کە سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرانیاوە دوورن.

لە 26ی مانگی دوانزەدا، 3 سەربازی هێزی ئاسمانی ڕووسیا کوژران دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە باوەڕوایە ئۆکرانی بووبێت و لە بنکەی سەرەکی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییە سەرەکییەکانی ڕووسیادا خرایە خوارەوە کە دەکەوێتە نزیک شاری ساراتۆڤەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە سەدان کیلۆمەتر بە ئاسمانی ڕووسیادا فڕیبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز