فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دەڵێت لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا زیاتر لە 11,000 سەربازی ڕووسی کوژراون.
ڕۆژێک لەوەوبەر وتی زیاتر لە 10,000 سەربازی ڕووسی کوژراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەند سەربازی ئۆکرانی کوژراون.
ڕۆژی یەکشەممە شەڕ و پێکدادانەکان لە شارەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بوون، لەکاتێکدا هاوڵاتیانی مەدەنی لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئۆکرانیا گیرییان خواردووە و ناتوانن هەڵبێن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە دەستپێکی هێرشەکەی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا 364 کەس کوژراون و 20 منداڵیشیان تێدایە، سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
لە شارۆچکەی ئیرپینی باکووری ڕۆژئاوای کیێڤی پایتەخت، هاوڵاتیانی شارۆچکەکە بە پیاو و منداڵ و ئافرەتەوە هەوڵییان دەدا لە ناوچەکە هەڵبێن، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکانەوە ناچار بوون خۆیان حەشار بدەن.
داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە سەرکۆنە کراوە، بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 1.5 ملیۆن ئۆکرانی بەرەو وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا هەڵبێن، هاوکاتیش وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا سزای توندی ئابووری توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز