بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا هێرشێکی گەورەی بەرفراوانی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و لانیکەم 3 کەس کوژراون و کارەبای چەندین ناوچەی شارەکانی پچڕاندووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕووسیا زیاتر لە 100 موشەک و نزیکەی 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە، " ژێرخانی هەستیاری مەدەنی " کردووەتە ئامانج.
زێلێنسکی دەڵێت نابێت تواناکانی هێزەکانی ئۆکرانیا سنووردار بکرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشی مەودا دوور لە کاتێکدا کە ڕووسیا هیچ سنوورێکی بۆ دانەندراوە. بەرپرسانی ئۆکرانیا دەمێکەیە هەوڵ دەدەن ئازادییەکی زیاترییان هەبێت لە بەکارهێنانی چەکە ڕۆژئاواییەکاندا بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجە سەربازییەکانی ناو ڕووسیا، ئەو ئامانجانەی کە بەکاردەهێندرێن بۆ هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر ئۆکرانیا.
زێلێنسکی وتی " ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و هاوبەشەکانی دیکەمان لە دەسەڵاتیاندایە یارمەتمان بدەن ئەم تیرۆرە ڕابگرین. کاتی کارێکی یەکلاکەرەوە هاتووە."
فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسک سێرهێی لیاسک وتی کەسێک کوژراوە و چەندین خانووی دیکە لە هەرێمەکەدا زیانییان بەرکەوتووە، لە شاری لوتسکی ڕۆژئاواش لە هێرشێکی ڕووسیادا کەسێک کوژراوە و بینایەکی نیشتەجێبوونیش زیانی بەرکەوتووە.
فەرمانڕەوای هەرێمی زاپۆریژا ئیڤان فیدۆرۆڤ وتی کەسێک لە هەرێمەکەدا کوژراوە و ڕووسیا بە هێرشەکانی ژێرخانی وزەی کردووەتە ئامانج.
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیچستکۆ وتی لە چەندین بەشی پایتەختدا کارەبا بڕاوە، هەروەها هێرشەکان کارییان کردووەتە سەر دابینکردنی ئاویش.
بەرپرسانی هەرێمی لڤیڤ وتییان کارەبا لە چەند بەشێکی هەرێمەکەیان بڕاوە دوای ئەوەی ڕووسیا دامەزراوەکانی وزەی کردووەتە ئامانج.
فەرمانڕەوای هەرێمی پۆڵتاڤا فیلیپ پرۆنین وتی هێرشەکانی ڕووسیا دامەزراوەیەکی پیشەسازییان کردووەتە ئامانج و پێنج کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی بەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە بەسەر هەرێمەکانی بریانسک و یارۆسلاڤییەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە.
فەرمانڕەوای هەرێمی یارۆسلاڤی ڕووسیا میخایل یەڤرایڤ وتی یەکێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە کاتێکدا خراوەتە خوارەوە کاتێک هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت.
هەرێمی ساراتۆڤی ڕووسیا یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شەوی ڕابردووی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە. بەرپرسانی ساراتۆڤ وتییان کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیانییان بە بینایەکی نیشتەجێبوون گەیاندووە و کەسێکیش بریندار بووە.
فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا وتی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیادا بۆ سەر ئوتومبێلێک دوو کەس بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییان بەسەر هەرێمەکانی کورسک و تولا و ئۆریۆل و ڕیازاندا خستووەتە خوارەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا