ڕووسیا و ئۆکرانیا 115 زیندانی لە نێوانییاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن

ڕۆژی شەممە ڕووسیا و ئۆکرانیا 115 زیندانی جەنگییان لە نێوانییاندا ئاڵوگۆڕکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئیماڕات نێوەندگری لەو ئاڵوگۆڕکردنەدا کرد.

ئەمە یەکەمین ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانە لە دوای ئەوەی ئۆکرانیا لە 6 ی مانگی هەشتدا لە ناکاو هێرشی کردە سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئەو سەربازانەی ڕووسیا کە ئاڵوگۆڕییان پێکراوە لە هەرێمی کورسک گیرابوون.

وەزارەتەکە سوپاسگوزاری خۆی بۆ ڕۆڵی ئیماڕات دەربڕی لە کارئاسانیکردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکاندا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وێنەیەکی لەگەڵ زیندانییە ئازادکراوەکانی جەنگدا بڵاوکردەوە. وتی ئەوانەی کە گەڕێندراونەتەوە پاسەوانی سنوور و پاسەوانی نیشتیمانی و هێزی دەریایی و هێزە چەکدارەکان بوون.

کۆمسیاری ئۆکرانیا بۆ مافەکانی مرۆڤ دمیترۆ لوبینیتس وتی 82 سەرباز لەوانەی گەڕێندراونەتەوە ئەو سەربازانە بوون کە لە ساڵی 2022 دا بەرگرییان لە شاری ماریۆپۆڵ دەکرد.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕات ڕایگەیاند تاوەکو ئێستا بەهۆی هەوڵەکانی نێوەندگرییەکەیەوە 1788 سەرباز ئازاد کراون.

ئەمە حەوتەمین جارە ئیماڕات نێوەندگری دەکات لە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.

ئەبوزەبی هاوبەشی ئاسایشی ئەمەریکا لە ماوەی جەنگەکەی ئۆکرانیادا پەیوەندییە گەرمەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا پاراستووە، ئەوەش هەندێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوای بێزار کردووە، هاوکات پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئۆکرانیادا پتەوتر کردووە.

بەرپرسانی ئیماڕات دەڵێن توانایان بۆ قسەکردن لەگەڵ چەندین کارەکتەری نێودەوڵەتیدا ئەوە دەگەیەنێت کە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر نێوەندگری بکەن لە نێوان لایەنەکاندا و هانی و هاریکاری و ئاسایش بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز