چی دەزانیت لەسەر مێژوی ناکۆکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا؟

لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر هێرشە داگیرکاریـیەکانی ڕووسیایە بۆ سەر ئۆکرانیا کە لە 24ی مانگی ڕابردوو بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن دەستیانپێکرد، گرنگە بزاندرێت کە ئاڵۆزیـیەکان لەناکاو درووستنەبوون بەڵکو ڕیشەیەکی مێژووی دووریان هەیە.


ئەمانە گرنگترین وەرچەرخانەکانن لە مێژووی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە:

ساڵی 988ی زاینی:

میری کیێڤ، ڤلادیمێری یەکەم لە ئاینی ناوچەیی هەڵگەڕایەوە و لە مەراسیمێکی فەرمیدا کە لە کرایمیە سازکرابوو چووە سەر ئۆرسۆدۆکسی مەسیحی کە لەو کاتەدا لە ڕووسیا بە شێوەیەکی فراوان پەیڕەوی دەکرا. پوتنی سەرۆکی ڕووسیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئەو هەڵگەڕانەوەیە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە "خەڵکی ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکن و یەک بەشی لێکدانەبڕاون."


ساڵی 1793 :

ڕووسیا زۆربەی ئۆکرانیای لکاند بە ئیمپڕاتۆریەتەکەیەوە جگە لە ناوچەی گالیسیا لە خۆرئاوای وڵاتەکە کە لەژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی نەمسا- هەنگاریا مایەوە. ساڵانی دواتر پرۆسەی بە ڕووسیایکردنی ناوچەکان دەستیپێکرد کە تیایدا زمانی ئۆکرانی قەدەغە کرا و دانیشتوانی ناوچەکە ناچارکران بە زۆرەملێ بچنە سەر ئاینی مەسیحی.


سەرەتای سەدەی بیست:

لە دوای شۆڕشی کۆمۆنیستی ساڵی 1917، ئۆکرانیا وەک زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە تووشی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیی بوو هەتا ساڵی 1922 کە بوو بە بەشێک لە یەکێتی سۆڤیەت. لە ساڵانی دواتر بەهۆی سیاسەتەکانی جۆزێف ستالین ناوچەکە تووشی قاتی‌وقڕی هات کە بووە هۆی برسیبوون و مردنی ملیۆنان کەس لە ئۆکرانیا. بۆ پڕکردنەوەی هێزی کار لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ستالین ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی لە ڕووسیا و ناوچەکانی تری یەکێتی سۆڤیەت کە زمانی ئۆکرانیان نەدەزانی گواستەوە بۆ ئەو ناوچەیە کە بووە هۆی گۆڕانکاری دێموگرافی بەرچاو. ئەم گۆڕانکارییە بە درێژایی مێژووی دواتری ئۆکرانیا کاریگەریان لەسەر ئەو وڵاتە درووستکرد و بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە پشتگیری ڕووسیا بکەن لە کاتێکدا خۆرئاوای وڵاتەکە لە ژێر کاریگەری ئەوروپا مانەوە.


ساڵی 1991:

دوای ڕووخانی یەکێتی سوڤیەت، ئۆکرانیا بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ. بەڵام پێکهاتەکانی ئۆکرانیا دوای سەربەخۆیی سەرکەوتوو نەبوون لە درووستکردن یەکگرتوویی ناوخۆیی بە تایبەت بەهۆی جیاوازی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵاتەکە. ستیڤن پایفەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەستی نیشتمانی ئۆکرانی لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە هێندە قوڵ نییە وەکو خۆرئاوا."


ساڵی 1994:

ئۆکرانیا لە ژێر سایەی یاداشتی بوداپێست بۆ دڵنیایی ئاسایش ڕازیبوو بە لەناوبردنی کەلوپەلە سەربازیـیە ناوەکیەکانی بەو مەرجەی کە ڕووسیا "ڕێزبگرێت لە سەربەخۆی و سەروەری و سنوورەکانی ئێستای ئۆکرانیا."


ساڵی 2004:

خۆپیشاندانی بەرفراوان ئۆکرانیای گرتەوە بەهۆی گومانەکان لەسەر پاکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە و بە تۆمەتی ساختەکاری لە بەرژەوەندی ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ کە کاندیدی نزیک بوو لە ڕووسیا. لە خۆپیشاندانەکاندا، کە لە مێژووی ئەو وڵاتە بە 'شۆڕشی پرتەقاڵی' ناسراوە، هەزاران هاوڵاتی بۆ چەندین مانگ لە کیێڤ و شارەکانی تر گردبوونەوە و یەکێک لە داوا سەرەکیـیەکانیان بریتی بوو لە نزیکبوونەوەی زیاتر لە ئەوروپا و کەمکردنەوەی دەستتێوەردانەکانی ڕووسیا لە کاروباری ناوخۆی ئۆکرانیا.


لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران، دادگای باڵای ئەو وڵاتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕەتکردەوە و فەرمانی کرد سەرلەنوێ هەڵبژاردن بکرێتەوە. لە کۆتایی ساڵی 2004 هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و سەرئەنجام ڕکابەرەکەی ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.


ساڵانی 2010 هەتا 2014 :

ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ کاندیدی سیاسەتمەداری نزیک لە ڕووسیا جارێکی تر چووەوە نێو پێشبڕکێی هەڵبژاردن و ساڵی 2010 توانی سەرکەوتن تۆماربکات لە هەڵبژاردنێکدا کە چاودێرە نێودەوڵەتیـیەکان دەڵێن "پاک و بێگەرد بوو." ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ لە ساڵانی سەرۆکایەتی چەندین بڕیاری دا بە ئاڕاستەی نزیکبوونەوە لە ڕووسیا کە ناڕەزایی توندی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیان درووستکرد. ئەو سەرۆکە ساڵی 2013 بە فەرمی ڕێکەوتننامەی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپای ڕەتکردەوە و لە بەرامبەردا چەند قەرزێکی دارایی لە ڕووسیا کرد. ئەمە بووە هۆی درووستبوونی خۆپیشاندانی خوێناوی و دەستپێکی "شۆڕشی شکۆ" کە تێیدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.


حکومەتی کاتی ساڵی 2014 ڕێککەوتننامەی ئابوری لەگەڵ ئەکێتی ئەوروپا واژوکرد، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاو بۆ چوونە ناو ئەو یەکێتیە لەقەڵەم درا.


مانگی چواری 2014 :

حکومەتی ڕووسیا کرایمیەی داگیرکرد و لکاندی بە وڵاتەکەی. لە هەمانکاتدا، جوداخوازەکان لە هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک جیابوونەوەیان لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند و کەوتنە ڕووبەڕووبونەوەی حکومەتی ناوەندی لە کیێڤ. ئەو شەڕە لە ناوچەی دۆنباس هەتا ئێسا درێژەی کێشاوە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 13 هەزار سەرباز و هاوڵاتی ئۆکرانی.
هەرچەندە حکومەتی ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە کە پشتگری جوداخوازەکان بکات، بەڵام حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت هاوکاریـیەکان ئەوەندە فراوانن تەنانەت ڕووسیا هێزی سەربازیشی بۆ ناوچەی دۆنباس ناردووە.


ساڵانی 2015 تا 2017:

لەو چەند ساڵەدا چەندین ڕێککەوتننامە واژوکران بۆ هێورکردنەوەی گرژیـیەکانی ناو ئۆکرانیا و دڵنیاکردنەوەی ڕووسیا. لە مانگی نۆی ساڵی 2014 نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بێلاڕووس کۆبوونەوە کە بووە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی مینسک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە دۆنباس. بەڵام ئاگربەست دوای ماوەیەکی کەم شکستی هێنا و شەڕوپێکدادانی خوێناوی بەردەوام بوو لە ناوچەکە.


بە هەمان شێوە، ڕێککەوتنی دووەمی مینسک لە ساڵی 2015 شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئاگربەست.


لەم ساڵانەدا سەرەڕای پێکدادانە سەربازیـیەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ جوداخوازەکانی سەر بە ڕووسیا، لە هەمان کاتدا حکومەتی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی چەندین گوشاری ئابوری ڕووسیا و هێرشی بەرفراوانی ئەلیکترۆنی بووەوە کە بوونە هۆی زیانگەیاندن بە دەزگا سەرەکیەکانی ئۆکرانیا. بۆ نمونە، ساڵی 2016 کیێڤی پایتەخت تووشی کارەبا بڕانێکی لەناکاو بوو بە هۆی هێرشی ئەلیکترۆنی ڕووسیا. ساڵی 2017 چەندین دەزگای سەرەکی ئۆکرانیا لە نێوانیان بانکی نیشتمانی تووشی کێشەی کارەبا بوو بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی ڕووسیاوە.


ساڵانی 2019 تا 2021:

لە مانگی چواری ساڵی 2019 ئەکتەری کۆمیدی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وەک سەرۆکی ئۆکرانیا هەڵبژێردرا و بەڵێنی دا کە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانی وڵاتەکەی بکات لەگەڵ ڕووسیا.
لە هەمان ساڵدا، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هاوکاریـیە داراییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت و دوای لە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کرد کە دانوستان لەگەڵ پوتن ئەنجامبدات.
بەڵام هیچ کام لە هەوڵەکانی سەرۆکی نوێی ئۆکرانیا زێلێنسکی لە چەند مانگی دواتر سەرکەوتوو نەبوون. ساڵی 2021 ڕووسیا نزیکی 100 هەزار سەربازی نارد بۆ سەرسنوورەکانی ئۆکرانیا کە بەرپرسانی لە کیێڤ تووشی شڵەژان کرد. بە درێژایی ئەم ساڵە ڕاپۆرتە هەواڵگریـیەکان ئاماژەیان بە زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ڕووسی دەدا لەسەر سنووری ئۆکرانیا بەڵام حکومەتەکەی پوتین هەمیشە ئەم هەواڵانەی بە چەواشەکاری لە قەڵەم دەدا.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی سەربازانی ڕووسیا، حکومەتەکەی زێلێنسکی داوای لە ڕێکخراوی ناتۆ کرد کە ئۆکرانیا وەک ئەندام وەرگرێت. مانگی هەشت سەرۆک زێلێنسکی لە سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی بۆ یەکەم جار چاوی بە سەرۆک بایدن کەوت. لەو کۆبوونەوەیەدا بایدن پشتگیری ئەمەریکای بۆ یەکێتی خاکی ئۆکرانیا "دژ بە دوژمنکاری ڕووسیا" دەربڕی بەڵام دووپاتیکردەوە کە ئۆکرانیا "ئامادە نییە" بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ.


ساڵی 2022:

لە بەرامبەر ڕاپۆرتە هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە هێز کۆکردنەوەی ڕووسیا لەسەر سنوور، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤ سەرەتای ساڵ بە بەرپرسانی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ڕووسیا پلانی نییە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا. بەڵام سەرەڕای دڵنیاکردنەوەکان، پوتن لە 24ی مانگی ڕابردوو بە ڕەسمی هێرشەکانی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد کە بە گەورەترین هێرشی سەربازی دادەندرێت لە ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم.



سەرچاوەکان: نیویۆرک تایمز، ناشناڵ جیۆگرافیک، ئێن پی ئاڕ