ئۆکرانیا ڕێگەی گازەکەی ڕووسیا ناکاتەوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی سیستمی بۆرییەکانی گازەکە نەکات

بەڕێوبەری کۆمپانیای GTSOU ی ئۆکرانیا بە ڕۆیتەرزی وت ئۆکرانیا ڕێگەی سۆخرانۆڤکای گواستنەوەی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا ناکاتەوە تاوەکو کیێڤ بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی سیستمی بۆرییەکانی گازەکە نەکات.

ڕۆژی سێشەممە کۆمپانیاکە ڕایگەیاند جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیا گازییان دزیوە و ئۆکرانیا ڕێگەی سۆخرانۆڤکای گواستنەوەی گازی ڕووسی بۆ ئەوروپا دادەخات، سێیەکی گازی ڕووسیا لەو ڕێگەوە بۆ ئەوروپا هەناردە دەکرێت.

بۆری گازەکە بە هەرێمی لوهانسکدا تێپەڕ دەبێت، بەشێکی ئەو هەرێمەش لە ساڵی 2014 ەوە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادایە کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات.

بەڕێوبەری کۆمپانیاکە سێرگێی ماکۆگۆن وتی " ڕێگەکە ناکەینەوە. تاوەکو بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی سیستمەکە نەکەین."

وتیشی کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی ئاگاداری ئەوە نەبووە کە جیاخوازەکان دەستیان کردووە بە دزینی ئەو گازەی کە بە ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبێت.
وتی " پێم وانیە گازپڕۆم ئاگاداری ئەوە بووبێت کە جیاخوازەکان دەستیان کردووە بە دزینی گاز لێمان."

ماکۆگۆن وتی گازپڕۆم هێشتا دەتوانێت لەڕێی ڕێگەی سودژاوە گازەکەی ڕەوانەی ئەوروپا بکات کە ئەو ڕێگەیە هێشتا کراوەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز