سوپای ئۆکرانیا: ڕووسیا 376,030 سەربازی لە هێرشەکانی دژ بە ئۆکرانیا لە دەستداوە

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا 376,030 سەربازی لە داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا لە دەستداوە، 760 کەسییان ڕۆژی ڕابردوو کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سوپای ئۆکرانیا، ڕووسیا ژمارەیەک لە ئوتومبێل و کەلوپەلی سەربازیی لە شەڕەکەدا لە دەستداوە، بە 11,466 ئوتومبێلی شەڕکەری زریپۆش و 11,862 ئوتومبێل و تانکی سوتەمەنی و 6,181 تانکیشەوە. ڕووسیا لێدوانی لەسەر ئەو ژمارە نوێیانە نەداوە.

بەهۆی هێرشێکەوە ڕۆژی یەکشەممە لە شاری دۆنێتسکی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە، دەیان کوژراو و بریندار هەبوون.

ئالێکسی کولیمزینی سەرۆکی شارەوانی تیکستیلشچیک، کە ڕووسیا لەو پۆستەدا دایناوە، وتی بۆردومانەکە لە ئۆکرانیاوە هاتووە.

هاوکات هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا ئاگرێک لە نۆڤاتێک کەوتەوە، نۆڤاتێک بەرهەمهێنەرێکی گازی شلکراوی ڕووسیاییە لەسەر دەریای باڵتیک. هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستبەجێ نەزاندراوەم بەڵام دەوترێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکەدا بیندراوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، وتی پێی وایە بانگەشەکانی ترامپ لەسەر ئەوەی دەتوانێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بە جەنگەکەی ئۆکرانیا بهێنێت لەگەڵ ڕووسیادا " زۆر مەترسیدارە."

زێلێنسکی لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ 4 ی هەواڵی بەڕیتانیادا کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بانگهێشتی دانۆڵد ترامپی پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کرد تاوەکو سەردانی کیێڤ بکات، وتی دەبێت ترامپ بتوانێت بە شێوەیەک ئەو بەڵێنەی بباتە سەر کە بۆ ئۆکرانیا گونجاو بێت.

وتی " دانۆڵد ترامپ، بانگهێشتت دەکەم بۆ ئۆکرانیا، بۆ کیێڤ. ئەگەر بتوانیت جەنگەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕابگریت، ئەوە پێم وایە بەس دەبێت بۆ ئەوەی بێیت."

زێلێنسکی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری سەرۆکایەتی ترامپ، بەپێی بیرۆکەکەی ترامپ، ئاشتییەکی گفتوگۆ لەسەرکراو لە ئۆکرانیا لەوانەیە ئەوە بگرێتە خۆی کە ئۆکرانیا سازشێکی گەورە بۆ ڕووسیا بکات.

زێلێنسکی وتی " ترامپ خۆی بڕیار دەدات، بەبێ هیچ لایەنێکمان. ئەگەر ئەمە بە ئاشکرا بڵێت، ئەوە تۆزێک ترسناکە. شتم زۆر بینی، قوربانی زۆرم بینی، بەڵام بە ڕاستی ئەوە تۆزێ توشی فشارم دەکات."

ترامپ چەندین جار وتوویەتی لە پێگەیەکی باشدایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییەک بۆ جەنگەکە کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، دەڵێت پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ ڕابەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیاشدا.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئەسۆشیەتید پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراون