سوپای ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا هێرشی موشەکی کردۆتەسەر دامەزراوەیەکی بەندەری ئۆدێسا، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێکەوتن لەسەر کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا.
سەرکردایەتی باشووری ئۆکرانیا گوتی " دوژمن بە موشەکی کروزی کالیبر هێرشی کردەسەر بەندەری دەریایی بازرگانی ئۆدێسا، هێزی بەرگری ئاسمانیمان دوو موشەکی خستۆتە خوارەوە، دوو موشەک لە دامەزراوەیەکی بەندەرەکەیان داوە."
ڕۆژی هەینی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبوڵی تورکیا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتنێکیان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان واژۆکرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند هێرشەکە گومانی لەسەر ڕێکەوتن و بەڵێنەکانی ڕووسیای دروست کرد کە لە ئیستەنبوڵ بە نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیای دابوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا کرد دڵنیا ببنەوە لەوەی ڕووسیا پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی دەبێت لە ڕێکەوتنەکەدا و ڕێڕەوێکی پارێزراو دەکاتەوە بۆ ئەو کەشتیانەی کە گەنمەکە لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە دەگوازنەوە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لێدوانی لەسەر هێرشەکە نەداوە.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە کیێڤ بریدجیت برینک هێرشەکەی بە " خراپکاری " ناوبرد.
برینک گوتی " دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆدێسا. کرێملن بەردەوامە لە بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەک. ڕووسیا دەبێت بە بەرپرس دابندرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز