ئۆکرانیا: موشەکەکانی ڕووسیا بەسەر شوێنە سەربازییەکانی ئۆکرانیادا دەبارن

بەرپرسانی ناوخۆی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی شەممە دەیان موشەکی ڕووسی بەسەر شوێنە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ئۆکرانیادا باریون.

فەرمانڕەوای هەرێمی لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا ماکزیم کۆزیتسکی گوتی شەش موشەک لە دەریای ڕەشەوە بە ئاڕاستەی بنکەی سەربازی یاڤۆریڤ هەڵدراون، چوار موشەکییان لە بنکەکەی داوە و دووانیان پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێندراون.

فەرمانڕەوای هەرێمی ژیتۆمیری باکووری ئۆکرانیا ڤیتاڵی بونێچکۆ وتی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان بوونەتە هۆی کوژرانی لانی کەم سەربازێک.

بونێچکۆ وتی " نزیکەی 30 موشەک ئاڕاستەی یەک بنکەی سەربازیی کراون کە زۆر نزیکە لە شاری ژیتۆمیرەوە." گوتیشی نزیکەی 10 موشەک بەرپەرچدراونەتەوە و تێکشکێندراون.

فەرمانڕەوای هەرێمی چێرنیهیڤی باکووری ئۆکرانیا ڤیاچێسلاڤ چاوس وتی شارۆچکەی دێسنا کەوتۆتە ژێر هێرشە موشەکییەکانەوە. چاوس بەدیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەدا ئامانجی هێرشە موشەکییەکان کوێ بوون، بەڵام گوتی " زیان بە ژێرخانێک " کەوتووە و هیچ قوربانییەکیشی لێنەکەوتۆتەوە.

شارۆچکەی دێسنا ناوەندێکی مەشقی سەربازیی پیادەی هێزەکانی ئۆکرانیای لێیە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە و تاوەکو ئێستا مۆسکۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

ڕووسیا لە 24 ی مانگی دوودا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، بەڵام لە سەرەتای قۆناغەکانی جەنگەکەدا دەستبەرداری گرتنی کیێڤ و باکووری ئۆکرانیا بوو، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بە چەکەکانی ڕۆژئاوا بە توندی بەرپەرچییان دانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز