ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی موشەکە باڵیستیکییە نوێیەکەی ڕووسیا دەکات

پارچەیەکی ئەو موشەکە باڵیستیکییەی کە ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاڕاستەی شاری دنیپرۆی ئۆکرانیا هەڵیدا، لە شوێنێکی نەزاندراو.

لێکۆڵەرەوانی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی موشەکێکی نوێی مەودا ناوەندی ڕووسیایی دەکەن کە ڕۆژی پێنجشەممە لە دژی شاری دنیپرۆی ئۆکرانیا بەکارهێندرا، ئەمەش یەکەمین جارە ئەو جۆرە موشەکە بەهێزە لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بەکاردەهێندرێت.

شارەزایانی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی ئەو موشەکە دەکەن تاوەکو بزانن ڕووسیا چی بە دەستەوەیە و بەرهەمهێنانی موشەکەکانی چۆنن، هەروەها بۆ ئەوەش کە بزانن چی ڕێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە موشەکانە.

ڕووسیا پێشتر ئاماژەی بەوەدا کە بۆ یەکەمین جار موشەکی نوێی دەنگبڕی ئۆریشنیکی بەکارهێناوە لە ئۆکرانیادا و وتوویەتی بەرپەرچدانەوەی ئەو موشەکە لە ڕێی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانییەوە مەحاڵە. ئۆکرانیاش وتی ڕۆژی پێنجشەممە موشەکەکە بە خێرایی زیاتر لە 13,000 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرەو دنیپرۆ هاتووە.

مەودای موشەکە مەودا ناوەندە باڵیستیکییەکان دەگاتە 5,500 کم.

دوو شارەزای ئۆکرانیا بە وریاییەوە باسییان لە هەڵسەنگاندنەکان کرد و تەنها وتییان کە موشەکەکە باڵیستیکی بووە و بە ئاڕاستەیەکی باڵیستیکی فڕیوە و هێرشەکەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا. ڕەتییان کردەوە پرسیاری دیکە وەربگرن و ناوی دووەمی خۆیان نەدا.

یەکێک لە شارەزاکان بە ناوی ئیڤان، وتی " ئەمە دەرەنجامی سەرەتایین و کات و لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە پاشماوەی موشەکەکە پێویستە بۆ ئەوەی بتوانیت شتێکی بەرجەستەتر بڵێیت."

ئۆلێی لێکۆڵەر لە دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا وتی " ئەمە یەکەمین جارە پاشماوەی ئەو جۆرە موشەکە لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەدۆزرێتەوە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی بەکارهێنانی ئەو چەکە پەرەدانێکی مەترسیدارە بە جەنگەکە و داوای لە هاوپەیمانان کرد وەڵام بدەنەوە. ئۆکرانیا سەرەتا وتی چەکەکە وادیاربووە موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕ بووبێت.

دواتر کرێملن وتی موشەکێکی نوێی مەودا ناوەندی ئاڕاستەی ئامانجێکی سەربازیی ئۆکرانیا کردووە لە دنیپرۆ، وتیشی هەڵدانی ئەو موشەکە وەکو وەڵامێک بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی کیێڤ بۆ سەر ڕووسیا لە ڕێی بەکارهێنانی موشەکە بەڕیتانیایی و ئەمەریکاییەکانەوە. ئەوە یەکەمین جار بوو ئۆکرانیا چەکی ئەمەریکایی و بەڕیتانیایی بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا، ئەوەش دوای ئەوە بوو کە ئەمەریکا مۆڵەتی پێدا ئەو چەکانە بەکاربهێنێت.

سوپای ئەمەریکا وتی دیزاینی موشەکەکە لە موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕی RS-26 ڕوبیژەوە سەرچاوەی گرتووە. وتیشی موشەکە نوێیەکە بۆ تاقیکردنەوە بووە و ڕەنگە ڕووسیا ژمارەیەکی کەم لەو جۆرە موشەکەی هەبێت.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی هەینی وتی مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە تاقیکردنەوەی موشەکەکە لە شەڕدا و ژمارەیەکی زۆری لەو موشەکە هەیە و ئامادەن بۆ بەکارهێنان.

لە ئێستادا زۆر شتی دیکە هەیە کە ڕوون نەبوونەتەوە، لەوانەش، قەبارەی ئەو زیانەی کە بەهۆی موشەکەکەوە دروست بووە. ئۆکرانیا بە دەگمەن باس لەو زیانانە دەکات کە لە ئامانجە سەربازییەکانیدا دەکەونەوە، لەوە دەترسێت ئەو جۆرە زانیارییانە یارمەتی مۆسکۆ بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز