ڕاپۆرتەکان: ئۆکرانیا دەست دەکات بە کشانەوەی هێزە ئاشتی پارێزەکانی لە کۆسۆڤۆ

پۆرتاڵی هەواڵی ئاڕ بی کەی ئۆکرانیا لە زاری سەرچاوەکانی سەرکردایەتی سەربازی ئۆکرانیاوە بڵاویکردەوە ئۆکرانیا بەنیازە دەست بکات بە کشانەوەی هێزە ئاشتی پارێزەکانی لە ئەرکێکدا لە کۆسۆڤۆ کە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابەرایەتی دەکات.

لە ئێستادا ئۆکرانیا وەکو بەشێک لە 3800 سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە کۆسۆڤۆ 40 سەربازی هەیە، بەڵام لە مانگی سێدا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بڕیارێکی دەرکرد کە تیایدا فەرمان بە سەرجەم سەربازەکانی دەکات لە ئەرکەکانی دەرەوەدا بگەڕێنەوە بۆ وڵات و یارمەتیدەر بن لە جەنگەکەی دژ بە ڕووسیادا.

ئاڕ بی کەی لە زاری سەرکردایەتی سوپای ئۆکرانیاوە بڵاویکردەوە " گەڕانەوەی هێزەکانی نیشتیمانی ئۆکرانیا مانای ئەوە دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی بەشداریکردنی لە ئەرکەکەی ناتۆدا هەڵدەوەشێنێتەوە."

گوتیشی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە کۆسۆڤۆ بەپێی بڕیارەکەی 7 ی مانگی سێی زێلێنسکی دەبێت کە تیایدا فەرمانیکرد هێزەکان بگەڕێنەوە بۆ ئۆکرانیا.

بەرپرسێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕاپۆرتەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی کشانەوەکە کارناکاتە سەر ئەرکەکانی پاراستنی ئاشتی لە کۆسۆڤۆ.

بەرپرسەکە گوتی " ئۆکرانیا یارمەتیدەرێکی بە نرخ بووە لە ئەرکی پاراستنی ئاشتیدا، ستایشی یارمەتییە درێژخایەنەکانی ئۆکرانیا دەکەین بۆ هەوڵەکانی ڕۆژانەمان بۆ پشتیوانیکردن لە سەرجەم کۆمەڵگەکانی کۆسۆڤۆ."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز