زیلینسکی بۆ یەکێتی ئەوروپا: بیسەلمێنن کە ئێوە لەگەڵماندان

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی بە یەکێتی ئەوروپای وت " بیسەلمێنن کە ئێوە لەگەڵماندان "، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی کیێڤ بە فەڕمی داوای لە یەکێتیەکەی کرد ببێتە ئەندام تیایدا.

یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا بە چەپڵە و هەستانە سەرپێ وەڵامی وتارەکەی زیلینسکییان دایەوە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، کە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە ئەنجام درا.

زیلینسکی لە وتارەکەیدا وتی " ئێمە شەڕ دەکەین تاوەکو ببینە ئەندامێکی یەکسان لە ئەوروپادا."

وتی " بیسەلمێنن کە ئێوە لەگەڵماندان. بیسەلمێنن کە ئێوە بەجێمان ناهێڵن. بیسەلمێنن کە ئێوە بێگومان ئەوروپین، لەو کاتەدا ژیان بەسەر مردندان سەردەکەوێت و ڕووناکیش بەسەر تاریکیدا سەردەکەوێت." وتیشی " یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئێمەدا زۆر بەهێزتر دەبێت."

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا مارۆس سێفکۆڤیچ لە وەڵامی داواکەی زیلینسیکدا وتی " ئێمە لەگەڵتانین." وتیشی یەکێتی ئەوروپا چەک دەدات بە ئۆکرانیا و لەسەروو هەمووشیەوە سزای بێپێشینە دەسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا.

وتی " دوای سەرکەوتنیشتان لەگەڵتاندا دەبین تاوەکو وڵاتە جوانەکەتان بونیاد بنێنەوە."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە سەرۆکەکانی هەشت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە نامەیەکی کراوەدا داوایان کرد دەستبەجێ ئۆکرانیا بکرێتە کاندید بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتیەکە و هەروەها دەستپێکردنی گفتوگۆ فەڕمییەکان لەو بارەیەوە.

دوابەدوای وتارەکەی زیلینسکی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل وتی یەکێتیەکە دەبێت بەجددی تاوتوێی " داوا یاساییەکەی " ئۆکرانیا بکات بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتیەکەدا.

بەڵام وتیشی " قورس دەبێت، دەزانین بۆچوونی جیاواز هەن لە ئەوروپادا سەبارەت بە فراوانبوونی زیاتری یەکێتیەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز