نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆخی ئەفغانستان نیگەرانە

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهی‌دەدات سەبارەت بەوەی دەشێت لە ئەفغانستان ژمارەی زیاتری گیان لەدەستدانی خەڵکی سیڤیل ببینرێت بە بەراورد لەگەڵ 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەگەر بێت و هێرشەکانی تاڵیبان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕانەگیرێن.

لەوەتای مانگی پـێنجی ڕابردووەوە توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان زیادیان کردووە بەهۆی ئەو هێرشانەی یاخیبوانی تاڵیبان دەیکەن هاوکاتی دوا قۆناغی کشانەوەی هێزە بیانییەکانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا کە تایبەتە بە زیانە گیانییەکانی خەڵکی سیڤیل لە یەکەم 6 مانگی ئەمساڵدا، ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان دەڵێت "چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی زیانە گیانییەکان بگاتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی یەک ساڵدا، لەوەتای 10 ساڵ لەمەوبەر کە ئەرکی خۆی دەستپێکردووە."

یو ئێن لەو ڕاپۆرتەیدا ئاگاهیشیداوە بە هێزە سەربازییەکانی حکومەت و هێزەکانی تری سەر بە حکومەت کە بەرپرسیارێتی یەک لەسەر چواری زیانە گیانییەکانیان لە ئەستۆیە.

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوپێچی ڕاپۆرتەکەی ئۆفیسی یو ئێن لە ئەفغانستان نوسراوە " لەمساڵدا ژمارەیەکی بێ پێشینە لە هاوڵاتیانی سیڤیلی ئەفغانستان گیان لەدەست دەدەن یان ڕووبەڕووی زیانی گیانی دەبنەوە ئەگەر بێتوو هەروادێ و زیاتربوونی توندوتیژییەکان ڕانەگیرێن." هەروەها داواش لە ڕێبەرانی تاڵیبان و ئەفغانستانیش کراوە ئاگاداری ئاڕاستەی کارەساتاوی و تۆقێنەری ململانێکان و کاریگەرییە وێرانکارییەکانیشی ببن بەسەر هاوڵاتیانی سیڤیلی وڵاتەکەوە.

لە یەکەم 6 مانگی ئەمساڵی 2021دا، نزیکەی 1659 کەسی سیڤیل لە ئەفغانستان کوژراون و 3254 کەسیش بریندارن، وەک لە ڕاپۆرتەکەی یو ئێندا هاتووە، ئەم ژمارانە بە ڕیژەی لە سەدا 47 بەرزترن بە بەراورد لەگەڵ یەکەم 6 مانگی ساڵی پاردا.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس