گۆتیرێش داوای " گەیاندنی یارمەتییەکی مرۆیی گەورە " بۆ غەززە دەکات

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕایگەیاند پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ئاگربەستێکی مرۆیی لە غەززەدا، کە لەوێ فەلەستینییەکان " ڕووبەڕووی مردن لە برسێتیدا" بوونەتەوە.

گۆتیرێش ڕۆژی دووشەممە لە ماوەی سەردانێکدا بۆ ئوردن وتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی یارمەتی زیاتر و خاڵی زیاتری تێپەڕبوونی یارمەتییەکان، هەروەها داوای لە ئیسڕائیل کرد هیچ سنوورێک یاخود بەربەستێک دانەنێت لەبەردەم گەیاندنی یارمەتییەکاندا.

ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان باسییان لەوە کردووە ڕێگە نادرێت یارمەتییەکان بگەیەندرێنە فەلەستینییەکان، دەڵێن هۆکاری سەرەکی ڕێگریکردنەکە ئەوەیە کە پشکنەرە ئیسڕائیلییەکان شتومەکی ناو یارمەتییەکان ڕەت دەکەنەوە، کاروانی بارهەڵگرەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە ڕاگیراون و بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە لە غەززەدا دەستڕاگەیشتن بە خەڵکەکە لە ناو غەززەدا قورس بووە.

گۆتیرێش بە تایبەتی سەبارەت بە دۆخی باکووری غەززە وتی " بە دڵنیاییەوە زۆر زۆر گرنگە ئێستا یارمەتییەکی مرۆیی زۆر گەورە بگەیەندرێت."

گۆتیرێش پشتیوانی خۆشی دەربڕی بۆ وەستاندنی شەڕەکە لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ ناو غەززە.

وتی " لە کاتێکدا کە جەنگە خوێناوییەکە بەردەوامە، ناتوانرێت هیچ یارمەتییەکی مرۆیی بە شێوەیەکی بەردەوام بگەیەندرێتە غەززە."

گۆتیرێش وتی دەبێت هەر ئێستا جەنگەکە کۆتایی بێت، ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون ئازاد بکرێن. وتی دەبێت سەنگ بخرێتە سەر وێنە گەورەکە، ئاماژەشی بەوەدا چارەسەری هەمیشەیی بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان تەنها چارەسەری دوو دەوڵەتە.

بڕیار بوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە دەنگدانێک بکات لەسەر پڕۆژە بڕیارێک کە تێیدا داوای ئاگربەستێک دەکات لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا، هەروەها داوای " ئازادکردنی دەستبەجێ و بەبێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان دەکات لە غەززەدا."

هاوکات پڕۆژە بڕیارەکە جەخت لە پێویستییەکان دەکاتەوە بۆ فراوانکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە و پتەوکردنی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززەدا.

چینی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕیوە، دیبلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێن پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن ئەمەریکا و نوێنەرانی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکادا بۆ ئاگربەست لە غەززە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا و چین ڤیتۆیان دژی پڕۆژەکە بەکارهێنا. ئەمە حەوتەمین جار بوو ئەنجومەنەکە شکست بهێنێت لە ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئاگربەست لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا