کۆمیتەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دەردەبڕێت سەبارەت بە دووبارە ڕوودانەوەی توندوتیژی ڕەگەزپەرستی لە بەریتانیا دوابەدوای پشێوییەکانی ئەم دواییانەی دژ بە کۆچ، هەروەها داوای ڕێوشوێنی کرد بۆ نەهێشتنی " لێدوانی ڕق و کینەی ڕەگەزپەرستی" لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە.
کۆمیتەی لە نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی چڕی کرد لە تاوانەکانی ڕەگەزپەرستی و هەروەها داوای سزای توندی بۆئەنجامدەرانی کرد.
کۆمیتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی،" کۆمیتەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە بەردەوامبوونی ڕووداوەکانی تاوانەکانی ڕق و کینە و لێدوانی ڕق لە چەندین سەکۆی جیاوازەوە و لەلایەن کەسایەتییە دیارەکان و سیاسەتمەدارانەوە."
وتیشی " بە دیاریکراوی نیگەرانە سەبارەت بە دووبارە ڕوودانەوەی کارەکانی ڕەگەزپەرستی و توندوتیژییەکان دژی کەمینە نەژاد و کەمینە ئاینییەکان و کۆچبەران و پەنابەران لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی ڕاست و کەس و گروپەکانی سپی پێستە توندڕەوەکانەوە، بەو کارە توندوتیژییانەشەوە کە لە کۆتایی مانگی حەوت و سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی 2024 دا ڕوویان دا."
لەم دواییانە ناڕەزایی و پشێوی لە ژمارەیەک شار و شارۆچکەی بەریتانیا ڕوویاندا. بەرپرسان ڕاستی توندڕەوییان تۆمەتبار کرد و دەڵێن هانداندەری پشێوییەکەیە، کە ئەو مزگەوت و ئەو هۆتێلانەی کردە ئامانج کە پەنابەرانییان لە خۆگرتووە، هەروەها هێرشکرایە سەر شوێنی دیکەش.
پشێوییەکە کە لە ساڵی 2011 ەوە بەو شێوەیە لە بەڕیتانیا نەبیندراوە، بووە هۆی دەستگیردنی هەزاران کەس و سەدان کەسیش تاوانبار کراون، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر بەڵێنیدا ئەوانەی بەشدارییان لەو پشێوییەدا کردووە بە خێرایی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
کۆمیتەکە وتی " کۆمیتەکە داوا لە بەریتانیا دەکات ڕێوشوێنی گشتگیر بگرێتەبەر بۆ نەهێشتنی لێدوانەکانی ڕەگەزپەرستی و بێگانەپەرستی و لێدوانی ڕق و کینە، تەنانەت لەلایەن کەسایەتییە دیار و سیاسەتمەدارەکانیشەوە."
وتیشی " کۆمیتەکە جەخت لە پێویستییەکان دەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و سزای توند بۆ تاوانەکانی ڕەگەزپەرستی، هەروەها دەستبەجێ قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و خێزانەکانییان."
کۆمیتەکە لە 18 شارەزای سەربەخۆ پێکهاتووە کە چاودێری ئەوە دەکەن وڵاتان چۆن پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکەن لەسەر لە ناوبردنی ڕەگەزپەرستی.
سەرچاوە/ فرانس پرێس