ڕۆژی هەینی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێرانییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " چڕکردنەوەی " سەرکوتکارییەکەی دژی ژنان دوو ساڵ دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسدا، مەرگی ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لەو وڵاتەدا.
ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کچە کوردێکی خەڵکی سەقز بوو کە دوای سێ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی لە تاران لە 22 ی مانگی نۆدا گیانی لە دەستدا، دەستگیرکردنەکەی بەهۆی ئەوەوە بووە کە گوایە ئەمینی یاساکانی حیجابی زۆرەملێی پێشێلکردبوو.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەسەر ئێران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریدا و وتی دوو ساڵ دواتر " ئێران هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەرکوتکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان و کچان و لە ناوبردنی دەستپێشخەرییەکانی چالاکییەکان ژنان."
ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان شارەزاکانی دیاریکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکارییە کوشندەکە دژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی دوای مەرگی ژینا ئەمینی.
شارەزایان دەڵێن " سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانە گەورەکان نەماون، بەڵام سەرپێچیکردنی بەردەوامی ژنان و کچان بیرخستنەوەیەکی بەردەوامە لەسەر ئەوەی کە هێشتا لە سیستمێکدا دەژین کە دەیانکاتە هاووڵاتی پلە دوو."
وتیشیان سەرکوتکارییەکان لە مانگی چوارەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە.
وتییان " بەرپرسانی دەوڵەت ڕێوشوێن و سیاسەتە سەرکوتکارییەکانییان زیاتر کردووە " لە ڕێی " پلانی نوورەوە ". پلانەکە هانی سزادانی ئەو ژن و کچانە دەدات کە حیجابی زۆرەملێ پشتگوێ دەخەن.
وتیشیان " هێزەکانی ئاسایش توندوتیژییە جەستەییەکانییان زیاتر کردووە، بە لێدان و شەق تێهەڵدانی ئەو ژن و کچانەوە کە یاساکانی باڵاپۆشی جێبەجێ ناکەن."
ئاماژەشییان بەوەدا کە بەرپرسان چاودێرییەکانییان زیاتر کردووە بۆ پابەندبوون بە حیجابەوە، تەنانەت چاودێری شوێنە تایبەتەکانی وەکو ناو ئوتومبێلەکانیش دەکەن لە ڕێی بەکارهێنانی چەندین ئامڕازەوە، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
هاوکات پڕۆژە یاسای " حیجاب و پاکیزەیی " کە لە دوایین قۆناغی پەسەندکردنیایەتی، سزای توندتر دادەنێت بۆ ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ ناکەن، سزاکانیش بریتین لە غەرامەکردن بە پارەیەکی زۆر و سزای زیندانیکردنی دوورودرێژ و قەدەغەکردنی گەشت لەسەرییان.
هەروەها ئاماژەشییان بەوەدا کە نیگەران بوون سەبارەت بە " سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر چالاکەوانە ژنەکاندا، ئەوەش دوای ئەوەی کە بە تۆمەتی تاوانەکانی ئاسایشی نیشتیمانی تۆمەتبار دەکرێن."
وتیان " لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سزای مەرگ و یاساکانی دیکەی تاوان بە تایبەتی ئەوانەی کە پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتیمانییەوە، وەکو ئامڕازێک بەکارهێندراون بۆ ترساندن و ڕێگریکردن لە ئێرانییەکان لە دەربڕینی ناڕەزایی و دەربڕینی بۆچوونی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادانە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس