نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی هەزاران کەس دەکات کە لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی کازاخستاندا دەستگیرکراون

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و سەربەخۆ و بابەتیانە دەکات لە هەڵمەتە کوشندەکەی بەرپرسانی کازاخستان بۆ سەر خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی ناوخۆی کازاخستان ڕایگەیاند 9,900 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و دەیان کەسیش کوژراون.

وتەبێژی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لیز ثڕۆسێڵ دەڵێت ڕێکخراوەکەی نەیتوانیوە ژمارەی کوژراوەکان لە خۆپیشاندانەکاندا پشتڕاست بکاتەوە.

وتی " پێشبینی دەکەین و هیوادارین لەکاتێکدا کە زانیاری زیاتر دەردەکەون بتوانین ژمارەیەکی ڕاست و تەواومان دەستبکەوێت سەبارەت بەم کوشتنانە. لەوانەش بۆ نمونە بزانین کە ئایا هێزەکانی ئاسایش هێزی ناپێویستیان بەکارهێناوە یاخود نا."

ثڕۆسێڵ وتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان خەڵک دەتوانێت و مافی خۆیەتی بەشێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندان بکات و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن. وتیشی نابێت خەڵکەکە دەستگیر بکرێن تەنها لەبەر ئەوەی مافی خۆیان جێبەجێ دەکەن. وتیشی ئەوانەی دەستگیرکراون دەبێت بەزووترین کات ئازاد بکرێن.

وتیشی چاودێرانی کازاخستان دەبێت بتوانن سەردانی ناوەندەکانی گرتن بکەن و بزانن بەندکراوەکان لە چی بارۆدخێکدان. وتیشی بەندکراوەکان دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت پەیوەندی بە پارێزەرەکانیانەوە بکەن.

وتیشی " چاودێران دەبێت بتوانن بچنە ئەو ناوەندانەوە و ڕێگە لە ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن بگرن و چاودێری ڕەوشی بەندکراوەکان بکەن."

ثڕۆسێڵ وتیشی ئۆفیسی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ناوەڕاستی ئاسیا لە بنکەکەیان لە کریجستانەوە چاودێری ڕەوشی کازاخستان دەکەن. وتیشی ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان هەرکاتێک بگونجێت و پێویست بێت پەیوەندی بە بەرپرسانی کازاخستانەوە دەکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا