سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت لوبنان " لەسەر لێوارەکەیە "

ڕۆژی سێشەممە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش هۆشداریدایە سەرکردەکانی جیهان لەسەر ئەوەی کە لوبنان " لەسەر لێوارەکەیە " لە کاتێکدا کە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا پەرەی سەند.

کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەیان لە سەرکردەکانی جیهان بەشدارن تێیدا لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی لوبنان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 558 کەس، لە نێویاندا 50 منداڵ هەن.

گۆتیرێش وتی " هەموومان دەبێت نیگەران بین سەبارەت بە پەرەسەندنە. لوبنان لەسەر لێوارەکەیە."

لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە مانهاتنی نیویۆرک کۆبوونەوە، فەڕەنسای ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد لەسەر ئەو قەیرانانەی کە گڕییان بەرداوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کاتێکدا کە ژمارەی کوژراوەکان لە لوبنان زیاتر بوون، سەنگەکە لەسەر دۆخەکەی ناو غەززە لاچوو، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵیش هۆشداریدا و وتی " ئێمە خەریکە دەچینە جەنگێکی تەواو بەرفراوانەوە."

ئەمەریکای نزیکترین هاوپەیمانی ئیسڕائیل هۆشداریداوە دژی لەشکرکێشییەکی فراوانی ئیسڕائیل بۆ ناو لوبنان، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش بەڵێنیدا لەم هەفتەیەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بیرۆکەی " بەرجەستە " بخەنەڕوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

گۆتیرێش هۆشداریدا دژی " ئەگەری گۆڕینی لوبنان بۆ غەززەیەکی دیکە."

ڕیچارد گۆوانی ناوەندی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وتی پێشبینی دەکات زۆرێک لە سەرکردەکان " هۆشداری بدەن لەسەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سوودی نامێنێت لەسەر ئاستی جیهان ئەگەر نەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە خستنەوەی ئاشتیدا."

بڕیارە زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرۆک وەزیران لە ماوەی کۆبوونەوە گشتیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتار بدەن.

گۆتیرێش پێش کۆبوونەوەکە وتی " کێشە نێودەوڵەتییەکان زۆر خێراتر دەڕۆن لە توانامان بۆ چارەسەرکردنییان."

هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبەرەکییەکی قووڵی لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاشکرا کرد.

ڕوون نیە کە ئایا کۆبوونەوە دیبلۆماتییە گەورەکە دەتوانێت هیچ شتێک بە دەست بهێنێت بۆ ملیۆنان کەس کە لە سەرانسەری جیهاندا لە هەژاری و ململانێکاندا گیرییان خواردووە.

گۆوان وتی " هەر دیبلۆماسییەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ئەوا لە پشت پەردەکانەوە دەبێت."

وتی " ئەمە ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ دیبلۆماتکارە ڕۆژئاوایی و عەرەبەکان تاوەکو گفتوگۆیەکی باش بکەن لەگەڵ ئێرانییەکاندا سەبارەت بە پێویستییەکان بۆ ڕاگرتنی لە دەست دەرچوونی دۆخەکە لە ناوچەکەدا."

سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرکردە عەرەبەکانی کردووە سەبارەت بە قەیرانەکەی لوبنان لە پەراوێزی کۆبوونەوە گشتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس