بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان: موسڵمانە ڕۆهینگیاکان لە شەڕەکەی ڕۆژئاوای میانماردا هیچ شوێنێک نیە پەنای بۆبەرن

کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەیان هەزاران لە موسوڵمانە کەمینەکانی ڕۆهینجیا کە گیرییان خواردووە لە شەڕەکەی ڕۆژئاوای میانماردا، هیچ شوێنێکییان نیە هەڵبێن بۆی.

سوپای ئاراکان، کە شەڕ بۆ سەربەخۆیی دەکات لە هەرێمی ڕاخینی میانمار، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند دانیشتوانی شارۆچکەی ماونگداو کە زۆربەی دانیشتوانەکە ڕۆهینجیان، دەبێت تاوەکو کاتژمێر 9 ی ئێوارە ناوچەکە چۆڵ بکەن، پێش دەستپێکردنی هێرشەکە.

کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی ئەنەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ وتی " زۆر نیگەرانم سەبارەت بە دۆخەکە لە ماونگداو. سوپای ئاراکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هۆشدارییدایە ئەو دانیشتوانەی کە ماونەتەوە، بە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆهینجیاکانیشەوە تاوەکو چۆڵی بکەن."

وتی " بەڵام ڕۆهینجیا هیچ بژاردەیەکی نیە. هیچ شوێنێک نیە بۆ ئەوان هەڵبێن بۆی."

دەیان ساڵە موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا ڕووبەڕووی سزادان بوونەتەوە لە میانماری زۆرینە بودی. نزیکەی یەک ملیۆن موسوڵمانی ڕۆهینجیا لە کامپی ئاوارەکانی ناوچەی کۆکس بازاڕ دەژین کە دەکەوێتە سەر سنووری بەنگلادیش، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 دا لە دەست سەرکوتکارییەکانی سوپای میانمار هەڵاتن لە ویلایەتی ڕاخینی ڕۆژئاوای میانمار.

جێگری وەزیری مافەکانی مرۆڤی حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی میانمار ئۆنگ کیاو مۆ بە ڕۆیتەرزی وت نزیکەی 70,000 ڕۆهینجیا لە ماونگداو گیرییان خواردووە چونکە شەڕەکە نزیک دەبێتەوە لێیان.

دانیشتوویەکی ماونگداو وتی " هیچ شوێنێکمان نیە بۆی بچین، هیچ شوێنێکی پارێزراو نیە، خۆراک و پێداویستی سەرەتایی پێویستیشمان نیە. ئەگەر ناچارمان بکەن بڕۆین، هیچ شوێنێکمان نابێت کۆچی بۆ بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز