گۆتیرێش دەڵێت پارێزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە چارەسەر نیە

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند پارێزگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە چارەسەری ململانێکەی ئەوێ ناکات، لە جیاتی ئەوە داوای " قۆناغێکی گواستنەوەی " کرد کە وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا بەشدار بن ببێتە هۆی چارەسەری دوو دەوڵەت.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " گرنگە بتوانیت ئەم کارەساتە بگۆڕیت بۆ دەرفەتێک." دەرفەتەکە بۆ گۆتیرێش " جووڵەکردن بوو بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بێ گەڕانەوە بەرەو چارەسەرێکی دوو دەوڵەت."

وتی ئەمە مانای ئەوەیە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماس لە غەززە، " دەسەڵاتی فەلەستینییەکان بە پتەوکراویی بەرپرسیارێتیەکان لە غەززە بگرێتە ئەستۆ."

وتیشی بەڵام دەسەڵاتی فەلەستینییەکان ناتوانێت بە پشتیوانی تانکەکانی ئیسڕائیل بچێتە ناو غەززەوە، لەبەرئەوە " کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بەوەیە تاوتوێی قۆناغێکی گواستنەوە بکات."

وتی " بەڵام پێم وانیە پارێزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە چارەسەر بێت."

لە جیاتی ئەوە داوای " ڕێبازی فرە لایەنە پەیوەندیدارەکانی " کرد کە تێیدا ئەمەریکا وەک " گرەنتیکاری سەرەکی " ئاسایشی ئیسڕائیل مامەڵە بکات، وڵاتانی عەرەبیش " زۆر گرنگن " بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان.

گۆتیرێش وتی " هەمووان دەبێت یەکبگرن و پێکەوە کاربکەن بۆ خستنەوەی ژینگەیەک بۆ قۆناغی گواستنەوە، ڕێگە بە دەسەڵاتی پتەوکراوی فەلەستینییەکان بدرێت بەرپرسیارێتییەکانی ناو غەززە بگرێتە ئەستۆ. ئینجا لەوێوە بڕۆین بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەت."

لە هەمان کاتیشدا گۆتیرێش سەرکۆنەی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی کرد، بە تایبەتی منداڵان لە غەززە.

ئێستا ماوەی حەوت ساڵە نەتەوە یەکگرتووەکان " لیستی شەرمەزاریی " ئەو لایەنەنانە بڵاودەکاتەوە کە لە ململانێ چەکدارییەکاندا پێشێلکاری مەترسیدار بەرامبەر منداڵان ئەنجام دەدەن. نەبوونی ئیسڕائیل لەم لیستەدا پێشتر لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێگیراوە.

بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات کە ئایا ئەم ساڵ ئەوە دەگۆڕن یاخود نا، گۆتیرێش ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە غەززە کوژراون خستە چوارچێوەیەکی سەرسوڕهێنەرەوە.

گۆتیرێش وتی لە ڕاپۆرتەکانی لیستی شەرمەزاریدا، زۆرترین ژمارەی منداڵان کە لە یەک ساڵدا لەلایەن کارەکتەرێکەوە کوژرابێتن لە ساڵی 2017-2018 دا بوو لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان، دوای ئەویش حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی بوون پێش ساڵی 2020. هەردوو جارەکە ژمارەکە سەدان منداڵ بوون.

گۆتیرێش وتی " بەبێ ئەوەی بچمە گفتوگۆی ئەوەوە کە ئایا ئەو ژمارانەی کە بەرپرسانی غەززە باسی لێوە دەکەن ڕاستن یاخود نا، ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بینیومانە هەزاران منداڵ لە غەززە کوژراون."

وتی " شایەتحاڵی کوژرانێکی هاووڵاتییانی سڤیلین کە لەوەتای من سکرتێری گشتیم لە هیچ ململانێیەکدا هاوتای نەبووە و بێپێشینەیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس