ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی میانمار دەکات

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمین جار دوای 74 ساڵ بڕیارێکی دەرکرد بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی میانمار و داوای لە ئەنجومەنی سەربازی ئەو وڵاتە کرد سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان و ڕابەری دەرکراوی میانمار ئونگ سان سوکی ئازاد بکات.

دوای ئەوەی لە 1 ی مانگی دوودا سوپای میانمار کودەتای بەسەر حکومەتە هەڵبژێردراوەکەی ئونگ سان سوکیدا کرد و دەسەڵاتی لێسەندەوە، وڵاتەکە بەردەوام لە قەیراندا بووە، سوپای وڵاتەکە سان سوکی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتەکەی دەستبەسەرکرد و بە بەکارهێنانی هێزێکی کوشندە وەڵامی خۆپیشاندانەکانی دژ بە سوپای دایەوە.

باڵیۆزی بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باربەرا وودوارد دوای دەنگدانەکە لەسەر ڕەشنووسەکەی بەڕیتانیا، وتی " ئەمڕۆ پەیامێکی توندمان ئاڕاستەی سوپا کرد کە نابێت هیچ گومانێک هەبێت لەوەدا کە ئێمە پێشبینی دەکەین ئەم بڕیارە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت."

وودوارد بە 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکەی وت " پەیامێکی ڕوونیشمان ناردووە بۆ گەلی میانمار کە ئێمە بەپێی ماف و خواست و بەرژەوەندییەکانی ئەوان هەوڵی پێشڕەوی دەدەین."

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێژە دابەش بوون لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی میانماردا، لە کاتێکدا کە چین و ڕووسیا دژی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەهێزن دژی ئەنجومەنی سەربازیی میانمار. ڕۆژی چوارشەممە چین و ڕووسیا و هیندستانیش خۆیان بە دوورگرت لە دەنگدانەکە. دوانزە ئەندامەکەی دیکە لە بەرژەوەندی بڕیارەکە دەنگیاندا.

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون دوای دەنگدانەکە بە ئەنجومەنەکەی وت " چین هێشتا نیگەرانی هەیە. چارەسەری بەپەلە نیە بۆ ئەم پرسە. لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەر بکرێت یاخود نا، لە بنچینەوە ئەوە تەنها پەیوەستە بە میانمار خۆیەوە."

وتی چین ویستوویەتی ئەنجومەنی ئاسایش بەیاننامەیەکی فەڕمی هەبێت لەسەر میانمار نەک بڕیار.

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وتی مۆسکۆ پێی وانیە ڕەوشەکەی ناو میانمار هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەبەر ئەوە باوەڕی وایە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویست ناکات مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

تاوەکو ئێستا ئەنجومەنەکە تەنها بەیاننامەی فەڕمی سەبارەت بە میانمار بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵی 2017 دا سوپای میانمار هەڵمەتێکی سەرکوتکاری دژی موسوڵمانەکانی ڕۆهیجیا دەستپێکرد کە ئەمەریکا بە کۆمەڵکوژی ناویبرد. میانمار کۆمەڵکوژی ڕەت دەکاتەوە و وتوویەتی هەڵمەتێکی ڕەوای دەستپێکردووە دژی ئەو یاخیبووانەی کە هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی پۆلیس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز