ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا لەسەر دۆخەکەی ناو سوریا، ئەوەش دوابەدوای پێشڕەوییە خێراکانی گروپە یاخیبووە چەکدارەکان کە سەرۆکی وڵاتەکە بەشار ئەسەدییان دوورخستەوە.
ڕووسیا کە لە ماوەی نزیکەی 14 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریادا لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتی ئەسەدیدا، داوای دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناو سوریا، بە ئەگەری ئاڵۆزبوونی ئەرکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بۆ پاراستنی ئاشتی لە بەرزاییەکانی گۆلان.
ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئیسڕائیل ڕەوانەی ناوچەی لە چەک داماڵڕاو کران لە بەرزاییەکانی گۆلان کە نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری دەکات، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش وتی ئەو هەنگاوە پێویست بووە بۆ پاراستنی ئیسڕائیلییەکان دوای ئەوەی هێزەکانی سوریا دەستبەرداری شوێنەکانییان بوون.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بڕیاریداوە مافی پەنابەرێتی بدات بە ئەسەد. پێسکۆڤ وتی هیچ پلانێک نیە بۆ کۆبوونەوەی پوتن لەگەڵ ئەسەددا، هەروەها ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر شوێنی ئەسەد بدات.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە وتییان ئەسەد و خێزانەکەی گەیشتوونەتە مۆسکۆ.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا