ئەنجومەنی ئاسایش مۆڵەتی ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بۆ سوریا درێژدەکاتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی ڕێگەدان بە گەیشتنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بۆ ناو سوریا لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوای سەر سنووری تورکیاوە.

ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆ هەینی بە تێکڕای دەنگ بڕیارەکەی پەسەندکرد کە دەڵێت بۆ 6 مانگی دیکە مۆڵەتەکە نوێ دەکرێتەوە و دەکرێت بۆ 6 مانگی دیکەش درێژبکرێتەوە.

بەپـێی دیپـلۆماتکاران، پـرۆژە بڕیارەکە کە لە لایەن ئێرلەندا و نەرویژەوە داڕێژرابوو، لە سەرەتادا داوای کردنەوەی دەروازەی یەعروبیـیەی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردیـیەکانی سوریاشی دەکرد لە بەردەم گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی ڕووسیا ناچار دەروازەی یەعروبیـیە لە پـرۆژە بڕیارەکە هێنرایە دەرێ.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەرزەنشتی بڕیارەکەی کرد و وتی یەک دەروازە بەس نیـیە بۆ گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان. ڕێکخراوی ئۆکسفامیش نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی ڕوون نیـیە ئایە لە پاش شەش مانگی دیکە مۆڵەتەکە درێژدەکرێتەوە یان نا.


سەرچاوە / فڕانس پـرێس