نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ماوەی 12 ڕۆژدا زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی دوانزە ڕۆژی داگیرکارییە بەرفراوانەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە وڵاتەکە هەڵهاتوون، تاوەکو ئێستا 2,011,312 پەنابەری ئۆکرانی هەن.

ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ئاماژەی بەوەداوە 2,011,312 پەنابەر تۆمارکراون، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی دووشەممەدا 276,244 پەنابەر زیادیکردووە.

سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان فلیپۆ گراندی وتی ئەمە " ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە."

وتی " لەپشت ئامارە مۆنۆلیسییەکانەوە دوو ملیۆن چیرۆکی جیابوونەوە و لەدەستدان و ئێش و ئازار هەن."

گراندی وتی " خێزانەکان بەهۆی جەنگەوە بەشێوەیەکی دڕندانە جیاکراونەتەوە و خراونەتە ئازار و ناڵە و نائومێدییەکەوە کە ناتوانیت بیریشی لێبکەیتەوە."

بەرپرسان و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکەن ژمارەی پەنابەران زیاتر ببن لەکاتێکدا سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی بۆ ناو ئۆکرانیا، بەتایبەتی پێشڕەوییەکانی بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا، زیاتر لە 37 ملیۆن کەس لەسەر خاکی ئۆکرانیا و لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەنددا ژیاون.

جگە لەوانەی کە وڵاتەکەیان جێهێشتووە، ژمارەیەکی نادیاری دیکەی خەڵکەکە لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا ئاوارە بوون.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران دەڵێت 103,000 کەس کە خەڵکی وڵاتێکی دیکە بوون لەنێو ئەوانەدا بوون کە ئۆکرانیایان جێهێشتووە.

وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران پۆڵ دیلۆن وتی " دەیان هەزاران کەسی دیکە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە و گیرییان خواردووە."

نیوە زیاتری ئەو هاوڵاتیە ئۆکرانییانەی کە وڵاتەکەیان جێهێشتووە ڕوویان کردۆتە پۆڵەندا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە ئێستادا 1,204,403 هاوڵاتی ئۆکرانی لە پۆڵەندان.

لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا 176,800 پەنابەری دیکەی ئۆکرانی ڕوویان کردۆتە پۆڵەندا.

پۆڵەندا کۆمەڵێک ناوەندی وەرگرتن و پێشوازیکردنی بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکرانیادا داناوە و تیمە مرۆییەکانی لەسەر سنوورەکە بڵاوکردۆتەوە، ئەو تیمانەش لەلایەن ئەو 1.5 ملیۆن ئۆکرانییەوە یارمەتی دەدرێن کە خۆیان پێشتر هەر لە پۆڵەندا ژیاون.

بەپێی ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 210,239 هاوڵاتی دیکەی ئۆکرانی ڕوویان کردۆتە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

هاوکات نزیکەی 191,348 پەنابەری ئۆکرانی ڕوویان کردۆتە هەنگاریا، کە ئەوەش نزیکەی لە سەدا 10 ی ئەو ژمارەیە دەکات کە لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون. ڕۆژی دووشەممە ژمارەکە 11,185 کەس بوون.

هەنگاری پێنج خاڵی سنووری لەگەڵ ئۆکرانیادا هەیە و کۆمەڵێک شارۆچکەش لەسەر سنووری دوو وڵاتەکە هەن، لەوانەش زاهۆنی کە لە ئێستادا بینا گشتییەکانی شارۆچکەکە بوونەتە ناوەندێکی یارمەتیدان بۆ پەنابەرانی ئۆکرانی، لەوێ هاوڵاتیانی مەدەنی هەنگاریا یارمەتی و خۆراک پێشکەشی پەنابەران دەکەن.

لە سلۆڤاکیاش نزیکەی 140,745 پەنابەری ئۆکرانی بوونیان هەیە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە 99,300 هاوڵاتی ئۆکرانی بەرەو ڕووسیا هەڵهاتوون.

ڕێکخراوەکە وتیشی لە 18 ی مانگی دووەوە تاوەکو 23 ی هەمان مانگ کە پێش داگیرکارییەکە دەکات، 96,000 کەسی دیکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی جیاخوازەکانەوە گواستوویانەتەوە بۆ ڕووسیا.

بەپێی داتاکانی ڕۆژی یەکشەممە، نزیکەی 82,762 هاوڵاتی ئۆکرانی چوونەتە ماڵدۆڤا، بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی هەزاران کەسی دیکە لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون و پەڕیونەتەوە بۆ ئەوروپا.

82,062 هاوڵاتی دیکەی ئۆکرانی ڕوویان کردۆتە ڕۆمانیا و 453 کەسی دیکەش توانیویانە بگەنە بێلاڕووس.

سەرچاوە/ فرانس پرێس