بەرپرسێکی ئەمەریکی: ئەمەریکا پێش کشانەوەی تەواوەتی هێزەکان کۆمەڵێک وەرگێڕی ئەفغانی لەو وڵاتە دەهێنێتە دەرەوە

بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی ئەمەریکا بەنیازە لانی کەم هەندێک لەو وەرگێڕە ئەفغانیانەی کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا کارییان کردووە بهێنێتە دەرەوە لەو وڵاتەدا، ئەمەش پێش تەواوبوونی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کە وابڕیارە تاوەکو مانگی نۆ کشانەوەکە تەواو ببێت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پاراستنی وەرگێڕەکان کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، هەروەها داواکانیان بۆ وەرگرتنی ڤیزا پەسەند کراوە.

وتیشی " کۆمەڵێکمان دەستنیشانکردووە تاوەکو بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دیکەی دەرەوەی ئەفغانستان کە لەڕێی پڕۆگرامی ئێس ئای ڤییەوە داواکانیان پێشکەشکردووە و وەکو وەرگێڕ کارییان کردووە، پێش ئەوەی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانمان تەواو ببێت، ئەمەش بۆ ئەوەی پرۆسەی پێدانی ڤیزاکان تەواو بکەین."

بەرپرسەکە هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەسەر ژمارەی وەرگێڕەکان و ئەو شوێنەی دەگوازرێنەوە بۆی، بەڵام وتی داواکانیان بۆ وەرگرتنی ڤیزا " پێشتر پەسەند کراوە."

وتیشی تەنانەت دوای تەواوبوونی کشانەوەکەش، پڕۆسەی تەواوکردنی ڤیزاکان بەردەوام دەبێت " بۆ ئەو وەرگێڕانەی کە لە ئەفغانستان دەمێننەوە."

نزیکەی 18,000 ئەفغانی کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا وەکو وەرگێڕ کارییان کردووە هیوا دەخوازن بچن بۆ ئەمەریکا، لەوە دەترسن ئەگەر تاڵیبان دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست ئەوا تۆڵەیان لێدەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس