کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی دەگاتە کۆریای باشوور بە مەبەستی مەشقێکی سەربازیی هاوبەش

بەرپرسانی هێزی دەریایی دەڵێن کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری بزوێنەری ئەتۆمی ئەمەریکایی، تیۆدۆر ڕۆزێڤێڵت، ڕۆژی شەممە گەیشتووەتە بەندەری شاری بوسانی کۆریای باشوور تاوەکو دواتر لەم مانگەدا بەشداری لە مەشقێکی سەربازیی هاوبەشدا بکات لەگەڵ کۆریای باشوور و ژاپۆندا.

مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو سەرکردەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن لە کۆبوونەوەیەکدا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی ساڵانە لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن یەکگرتوویی نێوانییان پیشان بدەن بە ڕووی زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین و مەترسییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکووردا.

ئەدمیڕاڵ کریستۆفەر ئالیکساندەری فەرماندەی گروپی کەشتییە هێرشبەرەکانی نۆی ئەمەریکا وتی مەشقەکانی ئەم مانگە کە بە " لێواری ئازادی " ناسراوە، هێزە دەریاییەکانی سێ وڵاتەکە لە خۆدەگرێت و مەشقەکان مەشقی هاتووچۆی دەریایی و شەڕی دژ بە ژێرئاوگەڕ و بەرگری ئاسمانی تێدا دەبێت.

کریستۆفەر ئالیکساندەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئامانجەکە باشکردنی کارکردنی نێوان هێزە دەریاییەکانمانە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئامادە بین بۆ وەڵامدانەوەی هەر قەیرانێک یان شتێکی بەپەلە." وتیشی ثیۆدۆر ڕۆزێفیڵد وەکو کەشتی فەرماندە دەبێت بۆ مەشقەکان.

ساڵی ڕابردوو سێ وڵاتەکە بە مەبەستی باشکردنی وەڵامەکان بۆ هەڕەشەکانی کۆریای باکوور مەشقێکی هاوبەشی بەرگریی موشەکی و دژە ژێرئاوگەڕییان ئەنجامدا.

لەم هەفتەیەدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بۆ یەکەمین جار دوای 24 ساڵ سەردانی کۆریای باکووری کرد و لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی ڕابەری ئەو وڵاتەدا پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشییان واژۆ کرد.

پەیماننامەکە گرنگترین جووڵەی ڕووسیایە لە ئاسیادا لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا، کیم جۆنگ ئون وتی پەیماننامەکە دەگاتە ئاستی هاوپەیمانییەک.

سەردانەکە حەوت مانگ دوای ئەوە دێت کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی دیکە بە ناوی کاڕڵ ڤینسن گەشتی کرد بۆ کۆریای باشوور، ئەوەش وەکو دەرخستنی هەوڵە بەرفراوانەکانییان دژی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز