سیناتۆر چاک شومەر، ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەڵێت جۆو بایدن دەبێتە یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بە فەرمی دانبنێت بەوەی بەسەر ئەرمەنەکاندا هات بە دەستی عوسمانیـیەکان جینۆساید بوو.
چاک شومەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی" سەرۆک بایدن بە نیازە ئەمەریکا بە فەرمی دانبنێت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان—یەکەم سەرۆکمانە ئەوە بکات.
ئەمە هەنگاوێکە لە مێژەوە هانی سەرۆکەکانم داوە بینێن.
ڕۆژی شەممە، ساڵیادی ئەم جینۆسایدە دەکەینەوە بەوەی حکومەتی ئەمەریکا داندەنێت بە ڕاستیـیەکەدا."
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە 29 ی مانگی دەی ساڵی 2019 بڕیارێکی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان پەسەندکرد و ئەنجومەنی سیناتیش لە 12 ی مانگی دوازدەی 2019 بڕیارێکی هاوشێوەی پەسەندکرد.
کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت مەزەندەدەکرێت لە نێوان ساڵانی 1915-1923 نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی بە دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کوژرابن و ئەمەش بۆخۆی جینۆسایدە.
هەموو ساڵێک لە 24 ی مانگی چوار، ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژیـیە یاددەکرێتەوە. بەپـێی شارەزایانی مێژووی لە 24 ی مانگی چواری 1915 پـرۆسەی جینۆسایدەکە دەستیپـێکردووە.