وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداری دەداتە تورکیا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە سوریا

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە هاوتا تورکییەکەی وتووە ئەمەریکا " دژایەتییەکی توندی " ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێی تورکیا دەکات لە سوریا و نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە خراپبوونی بارودۆخی وڵاتەکە.

وەزارەتەکە وتی ئۆستن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا هاوخەمی خۆی دەربڕیوە بۆ هێرشەکەی 13 ی مانگی یانزەی ئیستەنبوڵ.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا ئۆستن " نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لە باکوری سوریا و تورکیادا، بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییانەشەوە کە هەندێکیان ڕاستەوخۆ مەترسییان هەبووە لەسەر پارێزراوی سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا کە لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکاندا دژی داعش کاردەکەن."

وتیشی " وەزیر ئۆستن داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی کردووە، هەروەها دژایەتی توندی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی تورکیا لە سوریا دەربڕیوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز