لۆید ئۆستێن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی شەممە،1ی مانگی شەش لە میانی وتارێکدا لە سینگاپوورەوە وتی ناوچەی ئاسیا – پاسێفیک لە ئەولەویەتی ئەمەریکادایە وتیشی " ئەمەریکا تەنها کاتێک پارێزراوە، کە ئاسیا پارێزراو بێت."
لێدوانەکانی ئۆستێن لە ماوەی کۆڕبەندێکی گەورەی ئاسایشدا بوو لە سینگاپوور، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی دۆنگ جوندا کۆبووەوە.
ئۆستێن لە کۆڕبەندی 'شانگری لا'دا وتی " ئەمەریکا تەنها لە کاتێکدا پارێزراو دەبێت کە ئاسیا پارێزراو بێت، لەبەر ئەوەشە کە ئەمەریکا لە مێژە بوونی خۆی لەم ناوچەیەدا پاراستووە." و وتیشی "سەرەڕای ئەو ململانێ مێژووییانەی کە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، ناوچەی ئاسیا – پاسێفیک وەکو سەکۆی سەرەکیمان ماوەتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان."
ئەمەریکا لە هەوڵی ئەوەدایە هاوپەیمانی و هاوبەشییەکانی لە ناوچەکەدا پتەوتر بکات، بە تایبەتی لەگەڵ فیلیپیندا، لە کاتێکدا کە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی چین دەدات لە ناوچەکەدا.
ئەمەریکا لە کاتێکدا کە پەیوەندییە بەرگرییەکانی قوڵتر کردووەتەوە، هاوکات مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانیشی زیاتر کردووە و لە هەمان کاتیشدا کەشتی جەنگی و فڕۆکەی شەڕکەر ڕەوانەی تەنگەی تایوان و دەریای باشووری چین دەکات، ئەمەش سەرکردەکانی چینی توڕە کردووە.
کۆڕبەندی ئەمساڵی شانگری لا هەفتەیەک دوای ئەوە دێت چین مەشقێکی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا و هۆشداری جەنگیدا لەسەر پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی تایوان لای چینگ تیەوە، پەکین سەرۆکی تایوان بە " جیاخوازێکی مەترسیدار " ناودەبات.
چین بانگەشەی ئەوە دەکات تایوان بەشێکە لە چین، بەڵام تایوانی دیموکراتخواز ئەوە ڕەت دەکاتەوە، ئەمەریکاش پشتیوانی لە تایوان کردووە.
دوای 18 مانگ، بۆ یەکەمین جار ڕۆژی هەینی ئۆستێن لەگەڵ وەزیری بەرگری چیندا ڕاستەوخۆ کۆبوونەوە، ئەمەش هیوایەکی بەخشی لەسەر گفتوگۆی زیاتری سەربازیی کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە ڕێگریکردن لە لە دەست دەرچوونی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە.
ئۆستێن وتی دەکرێت ئەمەریکا و چین لە " مانگەکانی دواتردا " پەیوەندیی سەربازییەکانی نێوانییان دەستپێبکەنەوە، هاوکات چین ستایشی پەیوەندییە ئاسایشییە " جێگیرەکەی " نێوان دوو وڵاتەکەی کرد.
سەرچاوە/ فرانس پرێس