وەزیری بەرگری ئەمەریکا داکۆکی لە وەڵامدانەوەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن داکۆکی لە چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئەمەریکا کرد بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا، ئەوەش لەمیانەی گفتوگۆیەکی گەرمدا لەگەڵ یاسادانەرێکی کۆماری کە وتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا توانا سەربازییەکانی ڕووسیای بە زۆر خەمڵاندووە.

لوەید ئۆستنی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە میانەی دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزاری هێزە چەکدارەکاندا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە یاسادانەری کۆماری مات گەیتزی وت " ئایا قەت بیرت لەوە کردۆتەوە کە بەهۆی ئەوەی ئێمە و هاوپەیمانەکانمان کردوومانە ڕووسیا نەیتوانیوە ئۆکرانیا بگرێت؟ ئایا قەت بیرت لەوە کردۆتەوە؟"

ئۆستن و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا دەڵێن پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ئیرادەی بەهێزی ئۆکرانییەکاندا بۆ شەڕکردن، بوونەتە هۆی پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی ڕووسیا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی خێرا لە داگیرکارییەکەیدا کە زیاتر لە مانگێکە دەستیپێکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز