سەرۆک بایدن باس لە ئاستەنگەکان بۆ پەسەندکردنی بودجەی 2 ترلیۆن دۆلار دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن شەوی پێنجشەممە بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی پرسیارو وەڵامی کەناڵی CNN کرد. ئەو ڕێوڕەسمەی کە ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی کەناڵی CNN ئاندرسن کوپەر و ژمارەیەک لە ئامادبوان تیایدا پرسیاریان لە سەرۆک بایدن دەکرد لە باڵتیمۆری ویلایەتی مێریلاند ئەنجام درابوو بە ڕاستوخۆ لە تەلەفیزیۆنەوە پەخش دەکرا.

لە میانەی ئەو ڕێوڕەسمەدا بایدن باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە بەهۆی دابەشبوونی دیموکراتەکان لەسەر پەسەندکردنی کۆتا پلانی 2 ترلیۆن دۆلارەکەی بەرنامەی ڕێبازی ناوخۆیی، ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

لە کاتێکدا ژمارەی کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات ڕێک وەکو یەکن، ئەو ناتوانێت تەنها یەک دەنگی دیموکراتەکانیش لەدەستبدات بۆ پەسەند کردنی پرۆژەکە. سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەکەوە ڕووبەڕووی داخوازی پێشکەوتووخوازەکانی نێو دیموکراتەکانیبووەتەوە کە دەخوازن بەشێکی زۆری ئەو بودجەیە بۆ خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی تەرخان بکرێت ولەلایەکی تریشەوە لەگەڵ دیموکراتە میانەڕەوەکان کە دەخوازن بڕی ئەوە پارەیەی پێشنیازکراوە کەم بکرێتەوە.

بایدن لە دیمانەکەدا و لە نێوان ژمارەیەک هاوڵاتیدا گوتی "کاتێک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بیت وئێوە 50 نوێنەری دیموکرات هەبن ، هەموو سەرۆکن. هەر یەک لەوانە. کەواتە تۆ دەبێت هەموو کێشەکان بە باشی چارەسەر بکەیت".