سەرۆک بایدن ڕازی دەبێت لەگەڵ پوتندا کۆببێتەوە، ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیر نەکات

U.S. President Joe Biden delivers remarks on Russia-Ukraine situation

کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕازی بووە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆببێتەوە، ئەمەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر " ڕووسیا کردەوەی سەربازی دژی ئۆکرانیا ئەنجام نەدات."

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی سەرەتا لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە ئەوروپا کۆدەبنەوە.

ئەم پەیوەندییە دیبلۆماتیانە لەکاتێکدایە ئەمەریکا هۆشداری دەدات لەسەر ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕۆژئاواش ڕوونیان کردۆتەوە کە ئامادەن سزایەکی ئابووری توند بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا، هاوکات هێشتا دەیانەوێت چارەسەرێکی ئاشتیانە بدۆزنەوە بۆ قەیرانەکان.

ساکی وتی " ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دیبلۆماسی. ئامادەین سزایەکی خێرا و توند بسەپێنین بەسەر ڕووسیادا ئەگەر ڕووسیا جەنگ هەڵبژێرێت. لە ئێستاشدا وادەردەکەوێت ڕووسیا بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئۆکرانیا."

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا تاوتوێی ڕەوشەکەیان کرد، هەر لەو ڕۆژەشدا لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا کۆبۆوە و تاوتوێی بابەتەکەیان کرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا