سەرۆک بایدن داوا لە تاڵیبان دەکات بەندکراوە ئەمەریکییەکە ئازاد بکات

مارک فڕێڕیچس

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە تاڵیبانی ئەفغانستان کرد ئەندازیارە ئەمەریکییەکە ئازاد بکات کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن تاڵیبانەوە ڕفێندرا و باوەڕوایە دوایین ئەمەریکی بێت کە لەلایەن تاڵیبانەوە بەندکراوە.

مارک فڕێڕیچسی تەمەن 59 ساڵ کە خەڵکی ویلایەتی ئێلینوەی ئەمەریکایە و بۆ ماوەی 10 ساڵ لەسەر پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە ئەفغانستان کاریدەکرد، مانگێک بەر لە ڕێکەوتنەکەی مانگی دووی ساڵی 2020 ی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، ڕفێندرا، دواتریش گواسترایەوە بۆ لای تۆڕی حەقانی کە لقێکی دڕندەی سەر بە تاڵیبانە و بە تۆمەتی کۆمەڵێک هێرشی توندوتیژ تۆمەتبارکراوە.

ڕۆژی دووشەممە دوو ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر گرتنی مارک فڕێڕیچسدا.

سەرۆک بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەڕەشەکردن لە پارێزراوی ئەمەریکییەکان یاخود هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان جێی قبوڵکردن نیە، بەندکردنیش ڕەفتارێکی دڕندانە و ترسنۆکانەیە."

وتیشی " تاڵیبان دەبێت پێش ئەوەی پێشبینی ئەوە بکات بیر لەوە بکرێتەوە دانی پێدابنرێت، دەبێت دەستبەجێ مارک ئازاد بکات. ئەمە گفتوگۆی لەسەر ناکرێت."

لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا سەرۆک بایدن هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەفغانستان کشاندەوە و لەلایەن هەندێک لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە.

خێزانەکەی مارک ڕەخنەیان لە حکومەتی ئەمەریکا گرتووە لەسەر ئەوەی فشاریی تەواوییان نەکردووە بۆ ئازادکردنی، هەفتەی ڕابردوو خوشکەکەی مارک، شارلین کاکۆرا لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستدا نوسیەتی " سەرۆک بایدن، تکایە براکەم بهێنەرەوە ماڵەوە، دوایین بەندکراوی ئەمەریکی لە ئەفغانستان."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمەریکا لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ تاڵیبان باسی لە دۆسییەکەی مارک فڕێڕیچس کردووە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " داوا لە تاڵیبان دەکەین ئازادی بکات. بەردەوام دەبین لەکارکردن بۆ گەڕاندنەوەی بۆ نیشتیمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز