بایدن پلانی نییە لە ئێستادا قسە لەگەڵ پوتندا بکات

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ئێستادا بە نیاز نییە لەگەڵ هاوتا ڕووسیاییەکەی ڤلادیمیر پوتندا گفتوگۆ لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی ئۆکرانیا بکات، چونکە هەلومەرجەکان بۆ ئەو جۆرە گفتوگۆیانە لە ئێستادا بوونیان نییە.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە لە خاڵێکدا نین تیایدا گفتوگۆکان سوودییان هەبێت."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی هەینی وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی تواناکانی جەنگی ڕووسیا، کۆمەڵەی حەوت و ئوستڕاڵیا وتیان ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ڕووسیا بۆ 60 دۆلار.

کۆمەڵەی حەوت و ئوستڕاڵیا وتیان کەمکردنەوەکە لە 5 ی مانگی دوانزە یاخود زۆر بە زوویی دوای ئەو ڕێکەوتە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانج لەمەش کەمکردنەوەی ئەو داهاتەیە کە ڕووسیا لە فرۆشتنی نەوتەکەیەوە دەستی دەکەویت، هەروەها ڕێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز