حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا دادەخات، ئەمەش دوابەدوای کۆمەڵێک ڕێوشوێنی لەو شێوەیە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و کەنەداوە.
سەرۆک بایدن لە وتارە ساڵانەییەکەیدا وتی " ڕایدەگەیەنم کە دەچینە پاڵ هاوپەیمانەکانمان بۆ داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەمان بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا، ئەمەش لەپێناو گۆشەگیرتر کردنی ڕووسیادا و سەپاندنی فشارێکی زیاتر بەسەر ئابوورییەکەیان."
کۆتایی ڕۆژی چوارشەممە بڕیارەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئەرکی ئەو فڕۆکانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لەلایەن هاوڵاتیەکی ڕووسیەوە تۆمارکراون و مۆڵەتیان پێدراوە و بەکرێگیراون، یاخود لەلایەن هاوڵاتیەکی ڕووسیەوە بۆ قازانجی خۆی کۆنتڕۆڵکراون.
بڕیارەکە گەشتە ئاسمانییەکانی سەرنشینان و بارەکانیش دەگرێتەوە. وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا وتی " دەستبەجێ ئاسمانی ئەمەریکا بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییە بازرگانی و مەدەنییەکانی ڕووسیادا دادەخەین."
درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلاین وتی بەشێوەیەکی کاتی فڕینی بەسەر ئاسمانی ڕووسیادا ڕاگرتووە، بەمەش چووە پاڵ هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی دیکەی ئەمەریکاوە کە هەمان هەنگاوییان گرتۆتەبەر، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ڕووسیا چوونە ئۆکرانیاوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز