بلینکن داوا دەکات دەستبەجێ سەرۆکی لە کارلابراوی نەیجەر ئازاد بکرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای کرد دەستبەجێ سەرۆکی لە کارلابراوی نەیجەر محەمەد بازوم ئازاد بکرێت و دیموکراسی بۆ وڵاتەکە بگەڕێندرێتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابەرانی کودەتاکەی نەیجەر جەنەڕاڵ ئەبدوڕەهامانی تیانییان وەکو سەرۆکی نوێی وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی ڕایانگەیاند سەرۆکی وڵاتەکە محەمەد بازومییان دوورخستۆتەوە، ئەمەش لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا حەوتەمین کودەتای سەربازییە لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقادا.

بازوم لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە هیچ بەیاننامەیەکی بڵاونەکردۆتەوە. بلینکن لە شاری برسبنی ئوسترالیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، لە ڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ بازومدا کردووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

بلینکن وتی ئەمەریکا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بازوم دەکات و داوا دەکات دیموکراسی بۆ وڵاتەکە بگەڕێندرێتەوە.

پێش کودەتاکە، نەیجەر یەکێک بووە لە سەرەکیترین و جێگیرترین هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە ناوچە نائارامەی ئەفریکا.

بلینکن وتی هاریکارییە ئابووری و ئاسایشییەکەی ئەمەریکا بۆ نەیجەردا کە بەهاکەیان دەگاتە ملیۆنان دۆلار، پەیوەستە بە بەردەوامبوونی دیموکراسی و سەروەری یاسا لەو وڵاتەدا.

وتی " لە دەرەنجامی ئەم کارانەدا ئەو یارمەتییانە لە مەترسییەکی ئاشکرادان، ئەمە هۆکارێکی دیکەشە لەسەر ئەوەی بۆچی دەبێت دەستبەجێ ئەو کردەوانە پێچەوانە بکرێنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز